هەینی 11/4/2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.