فەرمانگەی داواكاری گشتیی سلێمانی، نووسراوێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری كردووە و داوای ڕاگرتنی ڕووماڵ و بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست لە ڕووداوەكانی كوشتن دەكا، لە كاتێكدا هێشتا دەزگا پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن و مێدیا بەبێ ئیتیكی مێدیایی ڕووماڵی ڕووداوەكە دەكەن.

لە نووسراوەكەی داواكاری گشتیدا هاتووە: لە كاتێكدا دادگە و لایەنە پەیوەندارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن لە هەر تاوانێكی كوشتن كە روو دەدات، بەڵام بەبێ‌ رەچاوكردنی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و یاسا كارپێكراوەكان، ئەو جۆرە تاوان و رووداوانە دەكرێنە هەواڵی بەپەلە و زانیاریی ناڕاست و بێ‌بنەما بڵاو دەكەنەوە و، لێكدانەوەی ناسایی و نادروست بۆ رووداوەكان دەكەن و، چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكە دەكەن، كە كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر باری دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە، بە تایبەت هەرزەكاران و بەلاڕێدابردنی رەوتی لێكۆڵینەوەكان.

داواكاری گشتی، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی دەكات تەواوی كەناڵەكانی راگەیاندن پابەند بكرێن بە رووماڵنەكردنی ئەم جۆرە هەواڵانە و رەچاوی یاساو رێنوێنییەكان بكرێت، بە پێچەوانەوە فەرمانگەكەیان رێكاری یاسایی دژ بەو كەناڵ و میدیایانە دەگرێتە بەر.