د. سامان حسین بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ گیان له‌ده‌ست دانى پزیشكێك و برینداربوونى چه‌ند كه‌سێكى دیكه‌ له‌ ئه‌نجامى دوو ڕووداوى هاتوچۆ، بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و ورده‌كارى هه‌ردوو ڕووداوه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

له‌ په‌یامه‌كه‌ى وه‌زیری ته‌ندروستى هاتووه‌: “لە دوو رووداوی هاتوچۆی جیاوازدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ى 3ى 2025 لە قەزای مێرگەسۆر، بە خەم و پەژارەی زۆرەوە بەناوی خۆمان و وەزارەتی تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (د. قه‌حتان جیهاد سورچی) لە شاری هەولێر دەکەین کە لەکاتی ئەرکی فەرمی لە نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر بۆ گواستنەوەی نەخۆشێکی برینداری ناحیەی شێروان مەزن بۆ نەخۆشخانەی گشتیی بلێ بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) لە نزیک گەلی ئەشکەفتێ تووشی ڕوداووی پێکدادانی هاتووچۆ دەبن”.

هه‌روه‌ها ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دیسان دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئاسایی دەگوازرێنەوە، بەڵام بەداخەوە جارێکی تر لە ڕووداوی دووەمی هاتوچۆ ئەم ئۆتۆمبێلەش تووشی وەرگەڕان دەبێت و دەرەنجامی گیانی لەدەست دانی ئەم پزیشکە و برینداربوونی کارمەند و شوفێر و كه‌سێكی لێدەکەوێتەوە.

به‌پێی په‌یامه‌كه‌، د. قه‌حتان سورچى، پزیشکی نیشتەجێی خولاو بوو لەشاری هەولێر، دۆستانە لەگەڵ هاوپیشەکانی زۆر بەڕێکوپێکی و دڵسۆزانە کار و ئەرکەکانی پیشەیی پێشکەش بە نەخۆشان و هاووڵاتیان دەکرد.