روناكبیر جه‌مال بێدار

مامۆستا جەمال بێدار: ئێستا ئەگەر هەورامییەک زمانی عەرەبیش نەزانێت دەتوانێت لە قورئان تێبگات

هەڵەبجە: عامر فەرحان:- لە سەرەتای هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، پیاوە ئاینی و زانایان هەموو هەوڵ و ماندووبوونیان بۆ خزمەتکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بووە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، نووسەر و ڕووناکبیر مامۆستا جەمال بێدار، توانی وەک یەکەم کەس لەمێژوودا تەواوی قورئانی پیرۆز وەربگێڕێتە سەر شێوەزاری هەورامی، کە ماوەی چوار مانگ و پازدە ڕۆژی خایاند بۆ تەواوکردنی.

مامۆستا جەمال بێدار، وەرگێڕی قورئانی بیرۆز بۆسەر شێوەزاری هەورامی لە لێدوانێکدا تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕاگەیاند: ئامانجی من لەم کارە دوو هۆکاربوو، یەکەمیان: ئەوەبوو هەورامییەکان خاوەن زمانێکی تایبەت بە خۆیانن، قورئانی پیرۆزیش تەنها بۆ گەلێک یان نەتەوەیەکی دیاریکراو دانەبەزیووە، خوای گەورە قورئانی بۆ ئەوە دابەزاندووە خەڵک بیخوێنێتەوە و لێی تێبگات و کاری پێبکات. دەشڵێت: کەسێکی بە تەمەنی هەورامی کە زمانی عەرەبی نازانێت دەتوانێت قورئانی پیرۆز بە شێوەزاری هەورامی بخوێنێتەوەو لێی تێبگات، هەورامی و زمانەکانی دیکە هەموویان موسڵمانن، سونەن و لەسەر مەزهەبی شافیعین، ئەگەر بە زمانەکەی خۆیان لە قورئان تێبگەن ئەوکات زیاتر کاری پێدەکەن و پێوەی پابەند دەبن.

هۆکاری دووهەمیش ئەوەیە: چەند ساڵێک پێش ئێستا ڕێکخراوی یونسکۆ ڕایگەیاند چەند زمانێک لە جیهاندا لە سەرەڕێی فەوتان و لەناو چووندان، یەکێک لەو زمانانە شێوەزاری هەورامی بوو، منیش بیرم لەوە کردەوە لە پێشوودا شێوەزاری هەورامی تەنها هۆنراوەی پێنوسراوە ئەوەش بووە بە مێژوو، هەروەها لای هەمووان ئاشکرایە قورئان کۆتا کتێبە کە لەلایەن خودای گەورەوە دابەزیووە، خوای گەورە خۆی دەفەرمووێت (خۆمان قورئانمان ناردووەتە خوارەوە هەر خۆشمان پارێزگاری لێدەکەین) بۆیە تا ژیان و مرۆڤایەتی نابێ ناو پیرۆزی قورئان بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بۆیە بیرم لەوە کردەوە ئەگەر قورئانی پیرۆز وەربگێڕمە سەر شێوەزاری هەورامی زمانەکەی منیش دەچێتە باڵ زمانی قورئان و جۆرێک لە نەمری وەردەگرێت و بە زیندوویی دەمێنێتەوە و لەناو ناچێت.

مامۆستا جەمال بێدار، وەرگێڕی قورئانی بیرۆز بۆ سەر شێوەزاری هەورامی ئەوەشی بە خەبات گوت: من زۆر بەوردی کارم لەسەر ئەم وەرگێڕانە کردووە، چونکە ئەوە ئەمانەتێکی خودایە، هەرگیز زاتی ئەوەم نەبووە هیچ وشەیەک لەخۆمەوە وەر بگێرم، ئەگەر وشەیەکیش واتا وشە هەورامییەکەیم دەست نەکەوتبێت بە عەرەبی لەناو کەوانەیەکدا دامناوە. هەروەها گوتیشی: دوای تەواوبوونی وەرگێڕانەکە و بڵاوکردنەوەی پێشوازیێکی گەرمی لێکرا لە ئێران و عێراقیشدا، هەروەها زانا و مامۆستایانی ئاینی لە کۆڕێکی تایبەتدا وێڕای دەستخۆشی کارەکەمیان بە کارێکی پیرۆز وەسفکرد.

مامۆستا جەمال بێدار، وەرگێڕی قورئانی بیرۆز بۆ سەر شێوەزاری هەورامی ئەوەشی بە خەبات گوت: ماوەی چوار مانگ و پانزە ڕۆژ تەنها کاری وەرگێڕانم بۆ قورئانی پیرۆز کرد بۆ سەر شێوەزاری هەورامی کە بەگشتی 13041 سەد و سی هەزار و چوار سەد و یەک وشەیە، بە پێشەکی چوار پیتی نوێی هەورامی کە زیادم کردووە و پێشتر نەبووە.