خەبات: تریفە ئازاد:- هەوڵەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و د. گۆڤەند شێروانی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری نەوتیش لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند “دوای سەردانی وەزیری وزەی توركیا بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان، لایەنی توركی زۆر جەخت دەكەونەوە لەسەر ڕاپەڕاندنی كارەكانی هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری كردن بۆ دووبارە هەرنادەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی تا ئەم كارە سەركەوتوو بێت لایەنە یاساییەكانی تەواو بووە و هیچ كێشەیەكی نەماوە بە تایبەت دوای هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، بەڵام كارێك ماوە ئەویش ئەم بابەتە چوارلایەنەیە و یەكلایەنە نییە كە لایەنێكیان حكوومەتی عێراق و وەزارەتی نەوته‌، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتیەكان و لایەنی توركییه‌.

د. گۆڤەند شێروانی ئەوەشی خستە ڕوو “ئێستا هەموو لایه‌نه‌كان جددین لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام هەندێكیان تایبەت بە لایەنی دارایی ڕەنگە چارەسه‌ركردنی ئاسان نەبێت، بە تایبەت ئێستا كۆمپانیاكان داوادەكەن كە ئەو قەرزانەی موستەحەقە لەسەر حكوومەت بە نزیكەی یەك ملیار دۆلار ئەوەیان بۆ زامن بكرێت وە زەمانەتێكیش هەبێت بۆ خەرج كردنی شایسته‌ی ئه‌و بره‌ نه‌وتانەی كە لەمەودوا هەناردە دەكرێت، وە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ماوەی دوو مانگ ڕێكبەون لەسەر دەستنیشانكردنی پسپۆرێكی دەره‌كی تاكوو خەملاندنێك بكاتن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ هەر كێڵگەیەكی نەوت لە هەرێمی كوردستان، دواتر ئەم بڕە جێگیر دەكرێت و دواتریش كە پەسەند كرا كاری لەسەر دەكرێت، چونكە وەك دەزانرێت بە پێی دۆخی جیۆلۆجی و تۆپۆگرافی و جۆری نەوتەكە و قەبارە نەوتەكە تێچووی نەوتەكە لە هەر شوێنێك دەگۆڕێت و هەموویان وەك یەك نییە، لەوانەیە لە هەندێك 30 دۆلار بێت و هەندێكیشیان لە 20 دۆلار زیاتر بێت..هتد.

ئەو پسپۆڕەی نەوت ئه‌وه‌شی گوت “هیچ گومانی تێدا نییە كە بەغدا بە بێ هەرێمی كوردستان و بێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كە دەكاتە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بتوانێت هچ نەوتێك كە نەوتی هەرێمی كوردستان بێت یان ئەوانەی بە هەرێمی كوردستان بەستراوە هەناردەی دەرەوەی وڵات بكات بە ڕێگەی بۆڕی بەندەری جیهان لە توركیا، چونكە كۆمپانیا بیانییەكان هەموویان گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و هەماهه‌نگی و ئیعازیان لەگەڵ ئەوان دەبێت، بۆیە واتە ئەوان بە پێ یاسا پابه‌ندن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، نەك بەرامبەر بە بەغدا، بەڵام ئێستا پرۆسەكە چوار لایەنی تێدایە و پێویستە هەر چوار لایەن هەماهەنگ بن بەڵكو دووبارە پرۆسەی هەناردەكردنەوە دەست پێبكاتەوە”.