هەڵەبجە: عامر فەرحان:- پارێزگایی هەڵەبجە لەبواری ئەدەب و هونەر پشکی شێری بەردەکەوێ لە خزمەتکردن بە هونەر و ئەدەبی کوردی، چەندین هونەرمەند و ڕۆشنبیریی لە کوردستان پێگەیاندووە. ماوەی حەوت ساڵ دەبێت فێرگەی میوزیکی شنروێ، ئەو هاوڵاتیانەی ئارەزووی فێربوونی ئامێرەکانی میوزکیان هەیە لەو فێرگەیە وانەدەخونێن و فێری ژەنینی ئامێرەکانی مۆسیقا دەکرێن.
عادل حەسەن ناسراو بە عادلی شنروێ، سەرپەرشتیاری فێرگەی میوزیکی شنروێ، لە لێدوانێکی تایبەت بە خەبات ڕاگەیاند: بۆ زیاتر خزمەتکردن بە بواری هونەری لە دەڤەرەکە، لەگەڵ ماموستا ئازاد کە مامۆستای من و بەشێکی زۆر لە ژەنیارانی هەڵەبجە و کوردستانە ئەم فێرگەیەمان دامەزراند، سەرەتادا تەنها پیشەوەرانی چواردەوری فێرگەکەمان سەردانیان دەکردین، پاشان منداڵان و نەوجەوانان دەهاتن بۆ ئەوەی فێری ئامێرەکانی مۆسیقا ببن، بە جۆرێک لە دووساڵی دەسپیکماندا نزکەی 150 فێرخواز لە فێرگەکەمان سوودمەن بوون.
عادلی شنروێ، سەرپەرەشتیاری فێرگەی میوزیکی شنروێ ئەوەشی بە خەبات گوت: مەرجەکانی ئێمە بۆ وەرگرتنی فێرخواز ئەوەیە کەتەمەنی لەنێوان شەش ساڵ تا پەنجا ساڵان بێت، فێرخواز بە خواستی خۆی یەکێک لە ئامێرەکانی میوزیک وەک: (کەمان، پیانۆ، گیتار، چەلۆ، ساز، عود، ئیقاعاتی دەف و زەڕب) دیاری دەکات، ئێمەش وانەی تایبەتی پێدەڵێین بۆئەوەی فێرببێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: لەسەرەتادا تەنها لەپارێزگایی هەڵەبجە فێرخوازمان وەردەگرت، دواتر لەشاری سلێمانیش فێرخوازمان وەرگرت، ئێستا حەڤدە فێرخواز بەئاستی زۆرباش لەفێرگەکەمانن لە هەڵەبجە، هەروەها هەشت فێرخوازیش لەشاری سلێمانی, سەرپەرەشتیاری فێرگەی میوزیکی شنروێ، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ خەبات ئەوەشی ڕایگەیاند: ئامانجیان لەم کارە گەڕاندنەوەی جوانییەکانی هەڵەبجەیە بۆ دۆخی پێش وێران بوون و کیمیابارانی بە دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو. چونکە هەڵەبجەی ساڵی حەفتاکان بۆ کۆتایی هەشتاوهەشت پڕ بوو لە جوانی، لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەت هونەر تێیدا پشکێکی زۆری ئەو جوانییە هەبوو، بەو هیوایەین بێگەڕێنینەوە ئەو دۆخەی خۆی و بگرە باشتریش.










