خەبات: هەولێر
گۆڕانكارییەكانی ئاو وھەوا بە گەورەترین كێشە و گرفت دەژمێردرێت كە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە و ڕۆژانە لێكەوتەكانی بەدیار دەكەوێت وەك گەرمبوونی گۆی زەوی، ئاگری دارستانەكان، توانەوەی بەستەڵەكەكان، بەبیابانبوون و وشكەساڵیی توند، كەمیی ئاو و پیسبوونی ژینگە، تا ئێستا چەندجارێك كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە و وڵاتان پلانی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان دادەڕێژن.
عێراق یەكێك لەو پێنج وڵاتانەیە كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی ئاو و هەوای لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەوا و ژینگەیەكی پیسە و ڕۆژانە بڕیار و ڕێنماییەكان بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە دەردەچن، بەپێی ڕاپۆڕتە نێودەوڵەتییەكانیش هەولێر بە یازدەمین شار هەژمار دەكرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە و پسپۆڕانی بواری وزەی نوێبوونەوەش ئاماژە بەهۆكارەكان دەكەن و هۆشداریش دەدەن كە ئەگەر حكوومەت زوو بەرەنگاری هۆكارەكان نەبێتەوە ئەوا لە داهاتوودا كارەساتی لێدەكەوێتەوە و گوتەبێژی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی پیسبوونی هەوا.
شارەزا لە بواری وزەی نوێبووەوە و مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، د. دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد لەبارەی پسیبوونی هەواوە، گوتی: «بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە لە زانكۆكان كراوە ئەوا هەواكەمان پیسە و ئەو ماددە زیانبەخشانەی كە لە هەوای هەرێمی كوردستان و بە تایبەت هەولێر هەیە، ئاماژەی مەترسیدارن و داهاتوویەكی خراپتر چاوەڕێمان دەكات ئەگەر كاری لەسەر نەكرێت و هەوڵی كەمكردنەوەی نەدرێت».
د. دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: «سەرچاوەكان بەكارهێنانی سووتەمەنییەكانن ئەوانەی كاربۆن و دووەم ئۆكیسدی كاربۆن لە هەوادا بڵاودەكەنەوە لەگەڵ كۆمەڵێك مەوادی دیكەی كیمایی ئەوانە ئاماژەن كە لە ژینگەیەكی خراپداین و كەشوهەواكەمان خراپ بووە و ئەگەر لێیگەڕێن كارەسات و مەترسی گەورەتر لە پێشماندایە، چونكە ئەو ستانداردەی كە بۆ پێوانەی هەوای پاك دیارییكراوە، هەوای هەرێمی كوردستان زۆر لەو پلەیە تێپەڕیووە و ئاستەكەی چەند هێندەی ڕێپێدراوەكانە كە لە ستانداردە جیهانییەكاندا هەیە، بێگومان ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتووی هەرێم».
ئەو شارەزایە ئاماژە بە هەوای ئەو گەڕەكانە دەكات كە پڕۆژەی ڕووناكی تێیدا چووەتە واری جێبەجێكردنەوە و لەمبارەیەوە گوتی: «ئەركی سەرەكی چاككردنی ئەم ژینگەیە لەسەر شانی حكوومەتە و پێویستە ڕێكاری توندتر بگرێتەبەر و پشتگیریی و پاڵپشتی دارایی بكات بۆ ئەو پڕۆژانەی كە دۆستی ژینگەن، چونكە وزەی نوێبووەوە هەم دۆستی ژینگەیە و هەم وا دەكات سووتەمەنی كەمتر بەكاربهێنی و ژینگەكە زۆر بە خێرایی كاردانەوەی باشی دەبێت، ئێستا ئاماژەی سادە پەیدابوونە لەو گەڕەكانەی كە پڕۆژەی ڕووناكییان تێدا جێبەجێكراوە و كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە، بەهۆی ئەوەی مۆلیدەكان لەو گەڕەكانە كارناكەن، دەبینین هەواكەیان جیاوازی هەیە بەراورد بەو شوێنانەی كە مۆلیدە و كارگەی دیكەی لێیە».
پسپۆڕی بواری وزە د. ڕێبین سەمەد لەبارەی گۆڕانی ئاووهەوا، كاریگەری لەسەر ژینگەی عێراق و هەرێم، گوتی: «لە سەدەی بیستەمەوە تێكچوونی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان دەستی پێكرد بەهۆی پێشكەوتن و گەشەكردنی پیشەسازی لە جیهاندا، بێگومان عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە پڕیشكی گۆڕانكارییەكانی لێ بەدیار دەكەوێت، بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێكڕای زەوییە كشتوكاڵییەكان لە عێراق زیاترە لە 135 ملیۆن دۆنم و لەو ڕووبەرە بەشێكیان بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا لە دەستچووە و، وەزارەتەكە ڕایگەیاند كە 98 ملیۆن دۆنم بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاو و هەوا لەناوچووە و كشتوكاڵ تێیدا كوژاوەتەوە، هەروەها زیاتر لە 26 ملیۆن دۆنمی دیكە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، واتا ئەوەی لە عێراق ماوەتەوە تەنیا 13 ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵییە كە ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژینگەی عێراق هەیە بە گشتی».
لەبارەی هۆكارەكانی تێكچوون و پیسبوونی هەوا، د. ڕێبین سەمەد گوتی: «یەكێك لە هۆكارەكانی تێكچوونی ژینگە و پیسبوونی هەوا بریتییە لە چالاكی مرۆڤ لە بەرهەمهێنان و گەڕان بەدوای نەوتدا، كارگەكانی پیشەسازی، هەروەها كێشەی كارەبا یەكێكە لە كێشە گەورەكان كە بووەتە هۆی تێكچوونی ژینگە، لە عێراق و هەرێم هەر شارێك زیاتر لە هەزار مۆلیدەی پێدانی كارەبای تێدایە و زۆربەی مۆلیدەكان لە 259 كەیڤی بەسەرەوەیە و ئەمانە كاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دروست دەكەن هەتا ئەگەر سووتەمەنییەكی باشیش بەكاربهێنن».
لە بارەی كوالێتی هەوای هەولێر، د. ڕێبین سەمەد گوتی: «بەپێی دواین ڕاپۆڕتی نێودەوڵەتی بۆ كوالێتی هەوا كە لە ئاداری 2024 بڵاوكرایەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەولێر بە یازدەمین شار دادەنرێت لە ڕووی پیسی هەواوە، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش بە دووەم شار دادەنرێت لە دوای بەغدا، بەپێی ڕاپۆرتی ئەمساڵیش كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە ڕیزبەندییەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، چونكە ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا دەستی پێكردووە بە تایبەت هەڵگرتنی مۆلیدەكان و سەپاندنی تەكنەلۆژیای سەردەم بەسەر پاڵاوگەكان بۆ ئەوەی كەمترین زیانی هەبێت».
هاوكات گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان د. سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: تا ئێستا 15 ڕێنماییمان دەركردووە لەسەر پاراستن و چاككردنی ژینگە، لە ماوەكانی ڕابردوو هەوڵەكانی حكوومەت چڕكراوەتەوە لەسەر باشكردنی كوالێتی هەوا و لەم چوارچێوەیەشدا ڕێكاری یاسایی گیراوەتەبەر ئەو كۆمپانیایانەی كە كەمتەرخەم بوونە و پابەند نینە، هەروەك دەزانین هۆیەكانی پیسبوون بریتییە لە كارگەكان، پاڵاوگەكان و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و لە هەمانكاتدا زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، هەموو ئەوانە كاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر هەوا و ژینگەی هەرێم».
لە چەند مانگی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم هەوڵێكی دەستپێكرد بۆ پاكڕاگرتنی هەوا و ژینگەی هەرێم بە تایبەت هەولێر و بۆ ئەم مەبەستە 59 پاڵاوگە داخران و لە پارێزگای دهۆكیش سەرجەم پاڵاوگەكان داخران و دووبارە پێویستە مامەڵەی دەستبەكاركردنەوە پێشكەش بكەن و ڕێنماییە ژینگەیی و تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن. هەروەها لەسەر ئاستی ھەرێمدا حەفت هەزار و 354 مۆلیدەی ئەهلی هەیە كە زۆرترین مۆلیدەی ئەھلی كەوتووەتە پارێزگای ھەولێر كە بریتییە لە سێ ھەزار و 776 موەلیدەیە، هاوكات لە پارێزگای سلێمانی ھەزار و 759 موەلیدە و لە پارێزگای دھۆكیش ھەزار و 819 موەلیدە ھەیە. ئەمە لە كاتێكدایە كە پڕۆژەی ڕووناكی لە 21 گەڕەكی پارێزگای هەولێر و 11 گەڕەكی پارێزگای سلێمانی دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە لە پارێزگای هەولێر نزیكەی 450 مۆلیدەی كارەبایی كوژاونەتەوە.