خەبات: عەلی بانیشاری
37 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس بە چەكی كیمیاوی بۆردومانی شاری هەڵەبجە كرد و لە چەند كاتژمێرێكدا 5000 كەسی لە دانیشتووانی شارەكە شەهید كرد. جگەلە شەهیدكردنی هاووڵاتیان، سەدان كەس بەهۆی چەكە كۆمەڵكوژەكەوە برینداربوون، بەشێك لە بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە لە ماوەیەكی كەمدا لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و دەوروبەری و نەخۆشخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران گیانیانلەدەستدا و بەشێكی دیكەشیان تاوەكو ئێستا بەو ئازارەوە دەناڵێنن. بەگوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە كە خۆیشی یەكێكە لە بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی، ژمارەیەك لە بەركەوتووانی كیمیاباران باری تەندروستیان ناجێگیرە و ڕۆژانە پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەرە، هەروەها 60 بەركەوتوویش پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاوە لە دەرەوەی وڵات.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: تا ساڵی 2003 بەشی بەركەوتووان لە كۆمەڵەی قوربانیان نەبووە، بەڵام دواتر بەشەكە كراوەتەوە و دەست بە تۆماركردنی ناوی ئەو بەركەوتووانە كراوە كە كۆچی دواییانكردووە، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستی ئێمەیە لە 2003ـەوە تاوەكو ئێستا 118 بەركەوتووی چەكی كیمیاویی لە تەواوی هەرێمی كوردستان گیانیانلەدەستداوە.
گوتیشی: لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان 808 بەركەوتووی كیمیاباران هەن، لەو ژمارەیە 25 كەسیان ڕۆژانە پێویستیان بە ئۆكسجینە، حەوت لەو بەركەوتووانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەن. لوقمان عەبدولقادر دەڵێت: بەركەوتوو هەیە بە بەردەوامی پێویستی بە وەرگرتنی ئۆكسجینە، بەركەوتوویش هەیە ڕۆژانە دوو كاتژمێر یان زیاتر پێویستی بە ئۆكسجینە.
بەگوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 60 بەركەوتووی كیمیاباران پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاوە. بەپێی ئاماری كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، 35 لەو بەركەوتووانەی پێویستیان بە گلێنەی چاوە كەوتوونەتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
لوقمان عەبدولقادر دەشڵێت: ئەو 808 بەركەوتووەی كیمیاباران مینحەی مانگانەیان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دابینكراوە كە بریتییە لە 400 هەزار دینار، بەڵام بەركەوتووی دیكەش هەیە تاوەكو ئێستا ناوی تۆمار نەكراوە. ئاشكراشیكرد، خەڵك هەیە بەركەوتووی كیمیاباران نییە و ناوی لە لیستی بەركەوتووان تۆماركراوە و مینحەی مانگانە وەردەگرێت.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: ژمارەیەك لە بەركەوتووان باری تەندروستییان ناجێگیرە و سێ ژەمە دەرمان دەخۆن و نرخی دەرمانەكانیشیان زۆر گرانە، بەشێوەیەك ئەو 400 هەزار دینارەی مانگانە وەكو مینحە پێیان دەدرێت بەشی كڕینی دەرمانەكانیان ناكات. زیاتر گوتی: بەركەوتووەكانی دیكە مانگانە 150-200 هەزار دیناریان بۆ وەرگرتنی چارەسەر پێویستە.











