د. سامان حسین بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسه‌نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌و خێزانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ شه‌وى ڕابردوو چوار كه‌سیان له‌سه‌ر ده‌ستى زاواكه‌یان لێكوژرا، دوو له‌ قوربانییه‌كان پزیشك بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى تۆمه‌تبارى سه‌ره‌كى تاوانه‌كه‌ش پزیشكه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌، (د. سانا کمال) لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایکبوون و مامۆستای زانکۆ بووه‌ لە کۆلێژی پزیشکی. هه‌روه‌ها (د. سەناریا کمال) پزیشکی تیشک و سۆنار و قوتابی خوێندنی باڵا بوو بۆ پسۆڕی تیشک و سۆنار لە نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری.

شه‌وى ڕابردوو لە ڕووداوێكدا، دكتۆرێك لە گەڕەكی فەرمانبەر هەڵیكوتایەسەر ماڵە خەزوورانی و ژنەكەی، خەزوور، خەسووی و خوشكی ژنەكەیشی كوشت، دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە بكوژ لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر كرا.

دوابه‌دواى تاوانه‌كه‌، ئاسایشی هەولێر لەسەر ئەو ڕووداوەی گەڕەكی فەرمانبەران بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند: “لە ڕووداوێکی تەقەکردن ئاگادار کراینەوە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمەکانمانەوە بۆمان دەرکەوت تۆمەتبار (س. م. ع) کە پیشەی پزیشکە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە چەکی جۆری (دەمانچە) هەڵساوە بە کوشتنی هاوسەری، خەزوور، خەسوو و خوشکی هاوسەریشی.”

ئاماژەی بەوەش دا، كە “دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە تۆمەتبار (س. م) بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.”