وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەنگۆیەكی سۆشیال میدیا رەت دەكاتەوە و روونی دەكاتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر دانانی سیستمی سۆلار “بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر” هیچ باجێك لە هاووڵاتی وەرناگرێت.

ئەمشەو یەكشەم، نۆی ئاداری 2025، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ماوەیەکە لە سۆشیال میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، گوایە حکوومەتی هەرێم لە بەرانبەر دانانی سیستمی سۆلار “بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر” لە لایەن هاووڵاتییانەوە، باج وەردەگرێت.

وەزارەت روونی كردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبا سەرلەبەری ئەم دەنگۆیە رەت دەکاتەوە، پێداگیری لەسەر هەوڵ و پلانەکانی خۆی بۆ یارمەتیدان و ئاسانکاری دەکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سیستمی سۆلار پاوەر دابنێن.

هەروەك ئاماژەش دراوە، لە یاسای نوێی وەزارەتی کارەباشدا هاتووە، هەر بەشداربوویەکی کارەبا، ئەگەر سیستمی سۆلار پاوەری هەبێت، دەتوانێت لە کاتی بوونی بەرهەمی زیادەی کارەباکەی بەشە زیادەکەی لەو کاتانەی پێویستی پێی نەبێت بداتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێم و تێچووی کارەبای بە شێوەی لەبری (مقاصة) لەسەری کەم دەبێتەوە.