خهبات:- هاوار مورتكەیی:- ئەو گڕ و تینەی لە وەرزی 2024-2025ی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەبیندرێت، بە گشتی بۆ بوونی یانە كوردستانییەكان بەگشتی و یانەی زاخۆ بەتایبەتی دەگەڕێتەوە، چوار یانە بەشداربووەكەی كوردستان ( زاخۆ، هەولێر، نەورۆز، دهۆك)، لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ تۆپی پێ، هەر كاتێك بارییان دەبێت، زۆرترین ژمارەی جەماوەریان ئامادە دەبیت، بەتایبەتیش كاتێك یارییەكان لە یاریگاكانی ئەو چوار یانەیە بەڕێوە دەچن.
ئامادەبوونی جەماوەر لە هەر یارییەكدا، پێوەری پێشكەوتنیی ئەو خولە دەگەیەنێت، یاریگاكانی كوردستان، هەمیشە لەپێشەوەی یاریگاكانی دیكەی عیراق هاتوون لە ئامادەبوونی زۆرترین ڕێژەی جەماوەر، یانەی زاخۆش نەوەك بەتەنها سەرقافلەی ڕیزبەندی یانەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق گرتووە، بەڵكو لە ڕووی جەماوەریشەوە هەر لەپێشەنگی یاریگاكانی دیكەی عێراق دێت، هەر كاتێك ئەو یانەیە یاریی دەبێت، زیاتر لە 30 هەزار هاندەر ئامادە دەبن و بە جوانترین شێواز، هانی یانەكەیان دەدەن.
جاران لە یارییەكانی شوڕتە و زەوراو تەڵەبەو جەویە، زۆرترین جەماوەر ئامادەی یارییەكان دەبوون، بەڵام ئێستا لە یاریی نێوان ئەو یانانەشدا بەقەد جەماوەری زاخۆ یان هەولێر یان دهۆك یان نەورۆز ئامادەی نابن، ئەمە جگە لە یاریگاكانی دیكەی عێراق، كاتێك یانەكانیان یاریی تێدا بەڕێوە دەچێت، ژمارەی هاندەران لە 100 كەسێك تێپەڕ ناكات، زۆرترینیان دەگاتە 5 هەزار هاندەرێك.
ماوەیەكە پەیجەكانی ڕۆژنامەنووسانی عێراق، ئەو ڕاستییەیان نەشاردۆتەوە و دان بەوەدا دەنین، ئەگەر یانەكانی كوردستان نەبێت، خولی ئەستێرەكانی عێراق، نەوەك ئەو تام و چێژە، بگرە ئەو بایەخەشەی هیندە نابێ، ئەویش بەهۆی ئامادەبوونی جەماوەری یانەكانی كوردستانە لە یارییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق.