خه‌بات:- مەعاف مەناف، ساڵانێکە لەبواری شیعر نووسین و ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی کاردەکات، بە دەنگە پر هەست و زوڵاڵەکەی شیعری کلاسیکی و شاعیرانی کۆنی دەخوێنێتەوە و بەردەوامە, لە دیمانەیەکی بۆ خەبات، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری تایبه‌ت به‌ دونیای شیعر و ئه‌ده‌بیات داینەوە.

* ئەگەر باس لە دەستپێکى نووسینی خۆت لە بواری شیعر بکەیت چیمان پێدەڵێتیت؟
من خەڵکی دەڤەری بارزانم، لە گوندی کانی بوتێ لەدایکبووم، دەسپێکی من بۆ نووسینی شیعر دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، ئەوکات بە شیعری خۆشەویستی دەستم پێکرد، چونکە زۆر کاریگەری شیعری کلاسیکیم لەسەربوو، هەر بۆیە ئەوکات دەموویست هەمیشە بە شێوازی کلاسیکی شیعر بنووسم.

* ئایا ئەو شیعرانەی دەنووسیت زیاتر لە چ بوارێکن؟
شیعرەکانم زیاتر لەسەر ئەنفال و لایەنی نەتەوەییە، بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی کە بڵاوم کردوونەتەوە لەسەر ئەنفالی بارزانییەکان بووە، چونکە خۆم یەکێکم لە کوڕی جینۆسایکراوێکی ئەنفالی بارزانییەکان. بێجگە لەوەی خۆم شیعر دەنووسم، شیعری شاعیرانی کلاسیکیش بە دەنگی خۆم دەخوێنمەوە، وەک شاعیر ( مەلایێ جزیری و فەقێی تەیران ) ڤیدیۆ کلیپیشم بۆ کردوون. زۆر حەز بە شیعری کلاسیک دەکەم، پێموایە شیعری کلاسیک لەلایەن نەوەی نوێ هێندە خوێنەری نییە، بۆیە دەمەوێت لە ڕێگەی دەنگەوە نەوەی ئێستای پێ ئاشنا بکەم و بە شتێکی پێویستم زانیوە کە بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ کاری بۆ بکەم و لە کەناڵی یوتیوبی خۆمدا جار جار بە دەنگی خۆم شیعری ئەو شیعرانە بخوێنمەوە.

*زیاتر بە چ شاعیرێک سەرسامی، کامانەن ئەو شاعیرانەی وەک ئیلهامێکن بۆ تۆ؟
بێگومان کەسی شاعیر بە چاوێکی هونەری سەیری ژیان دەکەن و تێڕوانینیان بۆ ژیان جیاوازە، من خۆم، بە هەریەک لە شاعیرانی مەزنی کورد ( ئەحمەدێ خانی و مەلایێ جزیریێ) سەرسامم. لەکۆتایشدا دەمەوێت بڵێـم بەردەوام دەبم لە خزمەتکردنی زیاتری شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، هەم بە نووسینی شیعر، هەمیش بە خوێندنەوەی شیعری شاعیران بە دەنگی خۆم و بڵاوکردنەوەی بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە کەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆم.