ئەنەکەسە دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا پەیامێک ئاڕاستەی حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکات
ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا “ئەنەکەسە” له بارهی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی چەند ناوچەیەکی سوریا ڕایگەیاند: بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا کە بەوهۆیەوە سەدان کەس کوژراون، جەختیش كردهوه بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریا نەهامەتییەکانی گەلی سووریا زیاتر دەکات.
ئەمڕۆ شەممه، ئەنەکەسە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا دەكهین کە بەوهۆیەوە سەدان کەس کوژراون، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو رووداوانه نەهامەتییەکانی گەلی سووریا و حاڵەتی پشێویی و دابەش بوون زیاتر دەکات.
باسی لەوەشکرد، ئهو ئالۆزیانه هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزاییەکان لە چەند ناوچەیەکی سووریا کە تیایدا داوای بەشداری هەموو لایهنێك دەکرێت لە ناو نووسینەوەی دەستوور و داهاتووی وڵات.
هاوكات ئەنەکەسە ئیدانەی ئەو گروپە چەکدارانەش دەکات کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەنە ئامانج.
هەروەها ئەنەکەسە هۆشداریش دەداتە حکوومەتی كاتی سوریا لە پەراوێزخستنی هەر لایەنێک لەنووسینەوەی دەستوور و دیاریکردنی ئایندەی داهاتووی سوریا، داواش دەکات لێکۆڵینەوە لەگهل هەموو پێشێلکارییەکان بکرێت و حکومەتی کاتی پێکبهێنرێت کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەموو سوورییەکان بێت.
لە شەوی 6ی ئەم مانگەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان پاشماوەکانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا و هێزەکانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە لە چەند پارێزگایەکی سووریا دروستبووە و بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری تا ئێستا 532 کەسی سڤیل کوژراون.