گوتەبێژی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەواو کراون.
عەلی شەداد، گوتەبێژی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی گوتی: هیچ بەربەستێک نەماوە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو پرۆسەیە تەواو کراون، بەگوێرەی هەمواری بودجەش ئەو بڕەی لە هەرێمەوە دەنێردرێت لەنێوان 300 بۆ 325 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان داوای کردووە بڕی نەوتی بەکارهێنراو لەناوخۆ لە 45 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە بکرێتە 110 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
ڕۆژی هەینی، 28-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، “لە هەنگاوی یەکەمدا، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی فیدراڵی (سۆمۆ) ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت، تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە.”