خەبات: ساسان دەروێش:- شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ شیرزا دیونس ڕۆژبەیانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندا و ڕێکخەری کۆبوونەوەکان و ئەندامێتی عومەر زاوێتەیی، کارگێڕی لقی 6ی پارتی و پێشڕەو حەسەن، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندا لە دوو ڕۆژی جیاوازدا لە شاری لاهای هۆڵەندا لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی هۆڵەندا کۆبوونەوە.

لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا باسی ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و دواهەڵبژاردنیش لە هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024 وەک هێما و بەڵگەی سەقامگیریی هەرێم و کولتووری پێکەوەژیان و سیستەمی سیاسیی سێکیۆلەریزم و ڕێزگرتنی مافی پێکهاتەکان و هەروەها ڕۆڵی هێزی پیشمەرگە لەکاتی جەنگی دژی داعش و ئێستاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تێرۆریزم خرانەڕوو.

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەردانیان بۆ هۆڵەندا و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا بۆ خەبات گوتی: لە درێژەی کار و چالاکییەکانمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و دونیا لە ڕۆژانی 18 – 19 ی شوباتی 2025 کۆمەڵێک سەردان و دیدارمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی هۆڵەندی لە پارتە سیاسییەکانیان لە شاری لاهای بەسەرکەوتوویی ئەنجامادا و باسمان لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان وبەغدا و دۆخی ئێستای سووریا و پێگە و ئایندەی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری کورد ڕوونکرانەوە و هەروەها پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گرنگی سوودوەرگرتن لەو دەرفەتە بە قازانجی گەلی کورد تیشکی خرایە سەر، هۆشیار سیوەیلی لە درێژەی قسەکاندا گوتیشی: لە کۆبوونەوەکاندا سوپاسی حکوومەت و گەلی هۆڵەندامان کرد بۆ هاوکارییەکانیان لە کاتی شەڕی دژی داعش و مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە و بەشدارییان لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی سامانی ئاو. لە بەرانبەردا هەموو لایەنەکان گرنگی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان بەرزنرخاند و بەڵینی بەردەوامیی هاوکاری و پەیوەندییەکانیان دا لە ئەنجامی پرسیار و گفتوگۆکاندا ھەڵوێستی پارتی لەمەڕ ڕووداو و پێشھاتەکان ڕوونکرایەوە و نوێنەرانی پارتەکانی ھۆڵەندا بەردەوامیی پەیوەندی و دیدارەکانیان بە گرنگزانی.

لە کۆتایشدا سیوەیلی تیشکی خستە سەر دیدارەکانیان لەگەڵ پەرلەمنتارانی هۆڵەندی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ ھێرمان دی فریس، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی پارتی کریستیان دیموکراتیک ئەپیەل بوو لە بارەگای سەرەکی پارتەکە لە داینھاخ، کۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ دێنیس رام، ئەندامی پەرلەمانی سەر بە پارتی بۆ ئازادی (PVV) بوو، کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ دۆن سەیدەر بوو کە ئەندام پەرلەمانی پارتی کریستیان یونیەنە. کۆبوونەوی چوارەم لەگەڵ ئیسا کەھرەمان، پارتی نیو سۆشیال کۆنتراکت بوو کە سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانە و لە تەمەنی 8 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی لە ناوچەی نوسەیبینی تورکیاوە ھاتووه‌تە کوردستان و ئاسووریە گوتی بە کوردیش قسە دەکەم.