خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- هونەرمەندی دەنگخۆش محەمەد عەزیز٫ ساڵانێکی زۆرە بەدەنگە زوڵاڵەکەی خزمەت بەهونەری کوردی دەکات و خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جوان و گوێگرێکی تایبەت بەخۆیەتی و 150 بەرهەمی تۆمارکردووە, لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنانەی خەبات، سەبارەت بەو بێدەنگییەی دەمێکە لەکاری هونەری دابڕاوە گوتی: بێدەنگ نیم و هەمیشە حەز دەکەم بەرهەمی هونەریم هەبێت، لەو ماوەیەدا بەرهەمێکم لە ڕێگەی کەناڵی کورد ماکسەوە بۆ تۆمارکرا، بەناوی (بێزار بوویمە), لە تێکست و ئاوازی خۆمە.
گۆرانییەکە باس لەوە دەکات ئەگەر مرۆڤ ئەگەر کەوتە ناو تەمەن زۆرشت لەدەست دەدات، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە دەکەوێتە ناو تەمەن و باروگوزەرانی ژیانێکی خراپ، وادیارە ئەو کاتانە هەست بە بێزاری دەکات, جگە لەو بەرهەمە، کارێکی دیکەیشم ئامادەکردووە، ئەویش ئاوازی گەلەرییە و هۆنراوەکەش هەندێ وشەی دەستکاریکراوە و کارێکی جوانی لێدەرچووە. بەڵام هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە.
هەروەها هونەرمەند محەمەد عەزیز گوتیشی هەوڵدەدەم بەپێی توانا بەرهەمی هونەریم هەبێت، ئەو کاتانەی کە گۆرانی و بەرهەمی تازەم دەبێت هەمیشە هەست بە خۆشی و کامەرانی دەکەم. بەداخەوە زۆربەی هونەرمەندانی نەوەی ساڵانی ڕابردوو لە هەندەران دەژین خۆزگە ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشانەی نەوەی ئاڵتونی ساڵانی ڕابردوو دەگەڕانەوە بۆ کوردستان و لەوڵاتی خۆیان، بەگڕ و تینی جاران خزمەتی هونەری کوردیان کردبووایە, بەتایبەتیش هونەرمەندی بەتوانا زیاد ئەسعەد، خاوەن دەنگێکی زێڕینە، ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتی سوید دەژی و هیوای تەندروستییەکی باشی بۆ دەخوازم، ساڵانی زوو بەیەکەوە بەشداری ئاهەنگ و بۆنە هونەرییەکانمان دەکرد.