فەرماندەی ناوەندی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكا رای گەیاند، لە رێگەی بۆردمانێكی ئاسمانیدا لە سووریا، بەرپرسێكی دیاری رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە كوشتووە. ئەو كوژراوە لە گرووپێكی تیرۆریستیی قاعیدە بووە كە ماوەیەك بەرلە ئێستە خۆیان هەڵوەشاندبووەوە.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا “سێنتكۆم”، ئەو بەرپرسەی قاعیدە كە پێناسەكەی ئاشكرا نەكراوە، سەربە گرووپ و رێكخراوی “پاسەوانانی ئاین” بووە كە لە دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سووریا، خۆیان هەڵوەشاندبووەوە، بەڵام ئەمەریكا دوێنێ ئەو بەرپرسەی لە بۆردمانێكدا لەناو برد.
زیاتر روون كراوەتەوە، بۆردمانەكە لە 15ی ئەم مانگە “شوبات” بووە لە باكوری رۆژئاوای سووریا. ئەو بەرپرسەی قاعیدە لە كاروباری دارایی و لۆجیستی لە رێكخراوی “پاسەوانانی ئاین” كاری كردووە. ئەو رێكخراوە لقێكە لە رێكخراوی قاعیدە لە سووریا.
رێكخراوی پاسەوانانی ئاین لە ساڵی 2018دا لە باكوری رۆژئاوای سووریا دامەزراوە و هەر لەو ناوچەیە كردەی تیرۆریستیی ئەنجام داوە. لە مانگی سێپتێمبەری 2019یشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەو رێكخراوەی بە قەوارەیەكی تیرۆریستیی جیهانی ناو بردووە و خستوویەتیە لیستی تیرۆر.