خەبات: سابیر حوسێن:- دوای ساڵانێک دوورکەوتنەوەی لەکاری هونەری و کەناڵەکانی راگەیاندندا، جارێکی دیکە هونەرمەندی دیاری کورد عەزیز شاروخی لەشاری هەولێر دەردەکەوێتەوە و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێز لە ئەزموون و کاری هونەری دەگیرێت، چوارشەممەی ڕابردوو، لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، بەسپۆنسەری تۆری میدیای کوردستان، گرووپی چەمبەر میوزیکی هەولێر و رێکخراوی پەرەپێدانی کاری راگەیاندن، کۆنسێرتی (یادگاری شیرین) بۆ هونەرمەندی مامۆستا عەزیز شارۆخی، لە شاری هەولێر سازدا.
لەو کۆنسێرتەدا کە بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و ژمارەک لە نووسەر و رۆشنبیر و هونەمەندان و ئارەزوومەندانی گۆرانی ڕەسەنی کوردی ئامادەیی بوون، مامۆستا شارۆخی ژمارەیەک گۆرانی ڕەسەن و فۆلکلۆری کوردی پێشکەشکرد، لەو کۆنسێرتەدا پارێزگاری هەولێر، دیاری و قەلغانی رێزلێنانی بەخشییە هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا عەزیز شارۆخی.
هونەرمەند عەزیز شاروخی، ئەم هونەرمەندە، هەرچەندە یەکێکە لە ڕەمزەکانی هونەری ڕەسەنی کوردی و خاوەن دەیان شاکاری هونەری جوانە، کەچی هێشتا خۆی بە هونەرمەند نازانێت و دەڵێت: من هونەرمەندنیم.