پزیشكێكی پسپۆڕی كورد، دڵێكی دەستكردی دروست كردووە و وەك خۆی دەڵێ: پەیمانگەی ئەمەریكی ڕەزامەندیی داوە لەسەر جەستەی مرۆڤ تاقی بكاتەوە، چونكە پێشتر لەسەر ئاژەڵ تاقی كراوەتەوە و سەركەوتوو بووە. هاوكات ئەمڕۆ لە پێشانگەكەی هەولێر نمایشی كرد.
د. ئازاد ئیبراهیم نەجاڕ گوتی، ئەم دڵە دەستكردە، بێ كێشەیە و ژیانی هەزاران كەس دەپارێزێ، چونكە 100% وەك دڵی سروشتی كار دەكات و زۆر لە دڵی سروشتی نزیكە.
بۆ دانانی ئەم دڵە بە گوتەی د. ئازاد، پێویستی بەیەك سەعات نەشتەرگەرییە.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی شوباتی، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستی لە هەولێر كرایەوە.
لە پێشانگەكەدا سەرۆكی حكوومەت چاوی كەوت بە د. ئازاد ئیبراهیم نەجاڕ و ئەویش باسی كارەكەی خۆی بۆ كرد.
لە پێشانگەكە زیاتر لە 150 كۆمپانیای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەشدارن. پێشانگەكە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت كە نوێترین داھێنان و دەرمان و كەرەستە پزیشكییەكانی تێیدا نمایش دەكرێت. لە پێشانگەكەدا زیاتر لە 100 ھەلی كار دەڕەخسێنرێت.