خه‌بات: مسلم دۆله‌مه‌ری:- كچه شێوه‌كاری باژێری ئاكرێ، هودا قه‌مه‌ر، له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا ده‌ستی به‌كاری شێوه‌كاری كردووه، دواتر بۆ پەرەدان بەبەهرەکەی چووەتە په‌یمانگەی هونه‌ره جوانه‌كانی ئاكرێ ــ به‌شی په‌یكه‌رسازی. له‌م دیداره‌دا هودا قه‌مه‌ر، باس له شێواز و ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی هونه‌ری خۆی دەکات له هه‌ردوو بواری شێوه‌كاری و په‌یكه‌رسازی.
*سه‌ره‌تا با له‌وه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین بۆچی كاره هونه‌رییه‌كانت به‌تایبه‌ت شێوه‌كاری جۆراو جۆرن ئه‌مه چۆنه؟
خۆی له‌خۆیدا كاری هونه‌ری ده‌یان لق و پۆپی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش هونه‌ری شێوه‌كاری، ڕاسته من به‌شی په‌یكه‌رسازیم ته‌واوكردووه، به‌لڵام ده‌ستێكی باڵام له هونه‌ری شێوه‌كاریشدا هه‌یه و به چه‌ندین شێوازی جیا جیا تابلۆ دروست ده‌كه‌م. له‌وانه (ڕه‌نگی زه‌یتی – ڕه‌نگی ئاوی – قه‌ڵه‌م ڕه‌ساس – دا‌و بزمار ) و چه‌ندین جۆری دیکە، له‌به‌رئه‌وه پێمده‌ڵێن كاره هونه‌رییه‌كانت جۆراو جۆر و جیاوازن.
*تابلۆ و په‌یكه‌ره‌كانت زیاتر گوزارشت له چی ده‌كه‌ن؟
وه‌ك پێشتر باسمكرد، ڕاسته به‌شی په‌یكه‌رسازیم ته‌واوكرووه، به‌ڵام خولیایی دروستكردنی تابلۆم نه‌ك په‌یكه‌ر، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش په‌یكه‌رم كه‌متر دروستكردووه زیاتر كار له‌سه‌ر دروستكردنی تابلۆ ده‌كه‌م، تابلۆكانیشم زیاتر گوزارشت له سرووشت ده‌كه‌ن، چونكه هونه‌ری شێوه‌كاری گرێدراوه به‌سرووشت و له سرووشته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
*وه‌ك كچه شێوه‌كارێك چ جیاوازیه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز ده‌بینی له كاری هونه‌ریدا؟
لای من هیچ جیاوازیه‌ك نییه له نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز له‌كاری هونه‌ریدا جا له هه‌ر بوارێك بێت، چونكه هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك ڕێگەی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆشی هه‌یه له‌هونه‌ره‌كه‌یدا. سوپاس بۆ خودا كه هێزێكی شاراوه‌ی به‌من به‌خشیووه بۆ كاره هونه‌رییه‌كانم، به‌تایبه‌ت له هونه‌ری شێوه‌كاری.
*چ كاتێك به گونجاو ده‌زانی بۆ تێكه‌ڵكردنی ڕه‌نگه‌كان؟ ڕه‌نگه‌كان چیان به ژیانی ڕۆژانه‌ی تۆ به‌خشیووه؟
ته‌واوی ڕۆژه‌كانم تێكه‌ڵن به ڕه‌نگه‌كان زۆرجار ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆم وه‌ك تابلۆیه‌ك به‌كاردێنم، چونكه واهه‌ست ده‌كه‌م لە ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر یه‌ك له ئێمه تابلۆیه‌كی جوانی هونه‌ری ده‌نه‌خشێنرێت، هونه‌ر ڕێگەی به‌ره‌و پێشووه‌چوونی به من به‌خشیووه، هونه‌ر ئارامی و خۆشه‌ویستی جیهانی مرۆڤه‌كان و جیهانه شاراوه‌كانی به من به‌خشیووە، له هه‌موو گرنگتر هونه‌ر منی وه‌ك هودا قه‌مه‌ر به جیهانی هونه‌ری و هونه‌ردۆستان ناساندووه.
