عامر فەرحان- هەڵەبجە:
بۆ یەکەمجار لە پارێزگای هەڵەبجە، یانەیەکی تایبەت بە ئەسپسواری بە ناوی یانەی وەرزشی ئەسپسواری هەڵەبجە دادەمەزرێت.
کاروان هەڵەبجەیی ڕاهێنەری وەرزشی ئەسپسواری لە یانەکە لە لێدوانێکدا بە لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەم یانەیە خزمەتکردنی زیاتری وەرزشی ئەسپسوارییە، چونکە ئەم وەرزشە تا ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە، بۆیە ئامانجمانە ئەم وەرزشە لە سنوورەکەمان بەرەو پێش ببەین و هاووڵاتیان زیاتر ئاشنابکەین پێی، چونکە هیچی لە وەرزشەکانی تر کەمترنییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: 25 ئەسپی ڕاهێنراومان هەیە، گۆڕەپانێکی تایبەتیشمان هەیە کە هەموو مەرجێکی سەلامەتی تێدایە، ڕۆژانەش هاوڵاتیان سەردانمان دەکەن بۆ ئەسپسواری، جگە لەوەی ئێمە گرنگی بەوەرزشەکە دەدەین وهاووڵاتیان دێن لای ئێمە کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.
هەروەها گوتی: داواکارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکات لە دروستکردنی هۆڵێکی داخراو تایبەت بە وەرزشی ئەسپسواری تا بتوانین زیاتر خزمەت بە وەرزشەکە بکەین و یاریزانی بەتواناش لە داهاتوودا پێبگەیەنین.