
بەرهەم شێخ عزەدین
نووسین و خوێندنەوە ئەو دنیایەی هەركەس تێی بكەوێت بەئاسانی لێی ڕێزگارنابێت،لەم ڕۆژگارەدا وەك زۆربەی هەرەزۆرمان گلهییمان لەوەهەیە كە خوێندنەوە وەك پێویست بایەخی پێنادرێت و خەڵكی لەخوێندنەوە دووركەوتۆنەوە، بۆ زیاتر گفتوگۆكردن دەربارەی ئەم پرسە دیدارمان لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ (مەریوان غەریب) سازدا و بەڕێزی بەم جۆرە وهلاخی پرسیارەكانی ڕۆژنامەی (خەبات)ی دایهوه..
* لەم سەردەمە چی بكرێت بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێت بە كلتوور؟
لەم سەردەمە كە تەكنەلۆجیا و سۆشیال میدیا كاریگەری لەسەر هەموو كایەكانی ژیان هەیە و بۆ ناو قووڵایی ژیانی مرۆڤ ڕۆچۆتە خوار بۆ ئەوەی خوێندنەوە بكرێت بە كلتوور ئەمە كاری زۆر قورس و ئەستەمە و پێویستی بە هەوڵ و ماندووبونێكی زۆر هەیە . پێویستە كار لەسەر پەروەردە و هەروەها ڕێكلام بۆ خوێندنەوە بكرێت و لە ڕێگەیەوە خەڵك بۆ خوێندنەوە هان بدرێت، هەروەها پێویستە ژینگە و فەزا بۆ خوێندنەوە فەراهەم بكرێت و خەڵك هان بدرێن بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت خوودی سۆشیال میدیا بۆ برەودان و هاندانی خەڵك بۆ خوێندنەوە بەكار بهێنرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت گۆڕانكاری لە شێوەی بیركردنەوە لە خوێندنەوە بكرێت واتە وا لە خوێنەر بكرێت كە خوێندنەوە ئەرك نیە بەڵكو چێژوەرگرتنە .ئەم ڕێكارانەش پێویستی بە دانانی بەرنامەی درێژخایەن و هاوكاری وهەماهەنگی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە.
* ئایا خوێندنەوەی دیجیتاڵی دەتوانێت جێگرەوەیەكی باش بێت بۆ خوێندنەوە؟
تەكنەلۆجیا بۆخۆی تاوانی نیە بەڵكو ئەوە مرۆڤەكانن كە بڕیار دەدەن چۆن تەكنەلۆجیا بەكاربهێنن،ئەم بابەتەش هەم لایەنی ئەرێنی وهەم لایەنی نەرێنی هەیە،ئێستا زۆر خەڵك لەجیهان خوێندنەوە لە ڕێگەی دیجیتاڵ ئەنجام ئەدەن و هیچ گرفتێكیشیان لەگەڵ ئەم بابەتە نیە، بەڵام خەڵكانێك كە خۆیان لە سۆشیال میدیا و لە تەكنەلۆجیا بە باشی سود لە كاتەكانیان وەرناگرن ئەوە شتێكی دیكەیە، بەداخەوە خەڵكی ووڵاتانی جیهانی سێهەم و دواكەوتوو لەجیاتی ئەوەی زۆر بەباشی سود لە سۆشیال میدا وەربگرن بۆ وەرگرتنی زانیاری وخوێندنەوە و بە دەست هێنانی زانیاری بەسوود خۆیان بە شتی زۆر بێ بایەخ و كەم بایەخ سەرقاڵ ئەكەن .من پێم وایە پیویستە هەردوو لایەنەكە بۆ خوێندنەوە بەكار بهێنرێت هەم تەكنەلۆجیا و هەم خوێندنەوەی كلاسیك . من خۆم زیاتر چێژ لە وە وەرئەگرم كاتێك كە ئەخوێنمەوە كتێب یان ڕۆژنامەكە لەمس بكەم و لە گەڵ رۆحی كتێبەكە تێكەڵ ببم، هەروەها پێم وایە خوێندنەوەی دیجیتاڵ زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت وەك چاوو مل و پشت و لایەنی دی تەندروستی
* ئایا وەرگێڕان شتێكی باشە لەنێو گەلان ؟
بەڵی بەدڵنیایی وەرگێڕان شتێكی زۆر باشە لەنێو نەتەوەكان و ڕۆڵێكی بنەڕەتی هەیە لە پێشكەوتنی گەلان و شارەزابوون لە مێژوو و ئەدەبی گەلان و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی دروست دەكات و زانست پەرە پێدەدات و برەو بە ئابوری ووڵاتان دەدات و ئاسانكاری لە پەیوەندی نێودەوڵەتییەكان دەكات و یارمەتی بەرزكردنەوەی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە ڕێگەی ئاشنابوونی نەتەوەكان بە مافەكانیان و ئەدەب و ڕۆشنبیری گەلان پەرە پێدەدات و ئاسانكاری لە فێربوونی زمانی بیانی دەكات، ئەمە لە كاتێكدا كە وەرگێڕان بە ئەمانەتەوە ئەنجام بدرێت و وەرگێڕ بەرپرسیار بێت لە وەرگێڕان .
* سەبارەت بە وەرگێڕان چی بكرێت كەتا ئێستا نەكراوە؟
وەرگێڕان وەك پردێك وایە لەنێوان نەتەوەكان و ڕۆڵێكی گرنگی لە بەجیهانیكردنی زانیاری و زانست هەیە، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان كارێكی ئەوتۆ لەسەر ئەم بابەتە نەكراوە و ئەوەی كە كراویشە كەسانێك بۆ پەیدا كردنی بژێوی دەستیان داوەتە وەرگێڕان و ئەمەش زیانی بە پرۆسەكە گەیاندووە،پێم وایە ئەم كارەكان پێویستە بكرێن :مۆ ئەسەسەیەك بۆ وەرگیڕان یان دەزگایەكی ڕەسمی بۆ وەرگێڕان دابمەزرێت،چاودێری لەسەر وەرگێڕان هەبێت و هەر كەس بە ویستی خۆی نەتوانێت وەرگێڕان بكات و كتێب چاپ بكات، پیویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری چاودێری بەسەر ئەم لایەنەوە هەبێت و چاوپۆشی لەسەر بەلاڕیدابردنی پرۆسەی وەرگێران نەكات،دەبێت وەرگێڕی باش پەروەردە بكرێت و وەرگێڕی بەئەزمون و كارامە پەروەردە بكرێت و خولی تایبەتی بۆ وەرگێڕ بكرێتەوە،هەروەها پاڵپشتی لە وەرگێڕ بكرێت و مافی پارێزراو بێت،پێویستە پەیوەندی بەهێز لە نێوان دەزگاكانی وەرگێڕانی ووڵاتان هەبێت .
* ئایا هەست ناكەیت وەرگێڕان لە كوردستان تووشی گرفت بووە؟
بەدڵنیایی وەرگێڕان هەم لە جیهان بە گشتی كە چاودێری زۆر لەسەری هەیە تووشی داڕمان بووە هەم لەكوردستان كە هیچ چاودێرییەكی لەسەر نیە . لە كوردستان هەر كەس كە خۆی حەز بكات ئەبێت بە وەرگێڕو بە كەیفی خۆی وەرگێڕان ئەكات و بە كەیفی خۆی دەقەكان تێك دەدات و بە ویستی خۆی وەرگێڕان بۆ بابەتەكان ئەكات ئەمەش سەری لە خوێنەر تێك داوە و خوێنەر تووشی گومڕایی دەكات و نازانێت كام وەرگێڕان تەندروست و ساخلەمە و كامە وەرگێران باش نیە ز لەم سەردەمەش كە وەرگێرانی دیجیتال هاتۆتە ئاراوە و سەدان بۆت و بەرنامەی وەرگێران هاتۆتەوە ئاراوە هەموو كهسێك دەتوانێت لەماوەی تەنیا یەك شەوو رۆژ یەك كتێب بۆ هەر زمانێك تەرجومە بكات . بە دەیان كتێبم بینیوە كە بۆ نمونە لە فارسییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی كاتێك سەیری سەرچاوە ئەسڵەكەم كردووە شتێكی دی بووە و وەرگێڕانەكە شتێكی دی بووە واتە كاك یان خانمی وەرگێڕ نەیزانیوە ونەیتوانیوە ڕستەیەك تەرجومە بكات بە ویستی خۆی ڕستەی لە جی داناوە . كاتێك كە هیچ چاودێرییەك لەسەر پرۆسەكە نەبێت هەر وادەبێت،هیچ مە عقول نیە كەسێك لە ماوە ساڵێك بتوانێت چەند كتێب وەرگیڕانی بۆ بكات.
بەداخەوە لە دوای ساڵی 2003 بەولاوە كتێب نووسین و كتێب وەرگێڕان لەكوردستان بوو بە مۆدێل و هەر كەسێك كە پلە یان پۆستێكی هەبوو لە پاڵ پلەوپۆستەكەی دەبوو كتێبیشی هەبێت جا خۆی بیكات یان بۆی بكەن ئەمەش زیانێكی زۆری بە پرۆسەی خوێندنەوە و وەرگێڕان كرد.
بیوگرافیا:
مەریوان غەریب له ساڵی 1970لە سلێمانی لەدایك بووم، سالی 1975ئاوارەی ئێران بووین تا ساڵی 1991 لە ئێران گەڕاینەوە، بەكالۆریۆسم لەبواری كۆمەڵناسی هەیە، شارەزاییەكی زۆر باشم لەزمانی فارسی هەیە و ئەم پەرتوكانەم لە بواری نووسین و وەرگیڕان لە چاپ دراون:
نهێنییەكانی ژنان، لەتكریت تاكوێت، خۆشەویستی لەزمانی ئەفلاتونەوە، پلەیەك لەسەرووی زانستەوە، رووداوە سەرسوورهێنەرەكانی جیهان، یەكەم بەفری ئەم زستانە بە خوێنی تۆڵە سوور كرا،سەدان بابەتی رۆژنامەوانی لە گۆڤار و رۆژنامەكانی كوردستان.