سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە داڤۆس، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆ بووەوە و هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21/1/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆ بووەوە، لە دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەى بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەلجیکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری.
گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.