خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- دوای تێپەربوونی 14 گەڕ بەسەر یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، چوار یانە کوردستانییەکەی بەشداربووی خولەكە، هەر یەکەو بە بارودۆخێکی تایبەت تێدەپەڕن، بەپێی ڕیزبەندی خولەکە، یانەی زاخۆ لە چاو یانەکانی دهۆک و هەولێر و نەورۆز، لەوپەری ئاست بەرزی دایە، بە پێی داتاو ئامارەکانی خولەکەش، ئەم وەرزە بەسەرپەرشتی ڕاهێنەر تەلال بلوشی، یانەی زاخۆ لە ئاستێکی بەرز دەبیندرێت و لە کۆی 14 یاری، 7 بردنەوە و 4 یەکسان بوون و 3 دۆراندنی هەیە، بەم ئەنجامەیش دوای تێپەربوونی 14 گەڕ بەسەر یارییەکاندا، زاخۆ 25 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە پلەی چوارەم دێت، سەرەڕای ئەمەش بەپێی داتاو ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یانەی زاخۆ بەپلەی یەکەم دێت لە زۆریی ژمارەی ئامادەبووانی هاندەران لە نێو یاریگەکانی عێراق، دوای ئەویش یانەی دهۆک بە پلەی دووەم و یانەی زەورا بە پلەی سێیەم دێت.

یانەی وەرزشی دهۆک، تاوەکو ئیستا لە کۆی 14 یاری توانیویەتی 24 خاڵ کۆ بکاتەوە و بەجیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ زاخۆ لە پلەی پێنجەم دێت، دهۆک ئەم وەرزە لە کۆی یارییەکاندا 7 بردنەوەو 3 یەکسان بوون و4 دۆڕاندنی هەیە، بەڵام یانەکە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان ئاستیان زیاتر بەرەو پێشتر ببەن و بگەنە پلەکانی سەرووتری ڕیزبەندەکە.

ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر سەیری داتاو ئاماری یانەی هەولێر بکەین، ئەم وەرزە هەر لە سەرەتاوە ڕوون وئاشکرایە لە چ بارودۆخێکدان، بەهۆی فشاری هاندەران و نەبوونی بارودۆخێکی ئارام وگونجاو لە نێو خودی یانەکە و دەستەی کارگێری یانەکە، بەهۆی هاتنە پێشەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەیەکی تازە، ئەمە و چەندین هۆکاری دیکەی جۆراو جۆر، بووە هۆکاری لەدەستدانی ئاستی ڕاستەقینەی تیپەکە لەسەرجەم خولەکاندا، یانەی هەولێر تا ئێستا لە کۆی 14 یاری خولە ئەستێرەکانی عێراقدا 5 بردنەوەو 4 یەکسانبوون و 5 دۆڕاندنی هەیە، 19 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە پلەی یازدەی ڕیزبەندی خولەکەدایە.

لە دوا ئاماریشدا لە سەر یانە کوردستانییەکان، باسی یانەی وەرزشی نەورۆز دەکەین، بێگومان ئەو یانەیە تاوەکو ئیستا 14 یاری ئەنجام داوە و 5 بردنەوەو 5 یەکسانبوون و 7 دۆراندنی هەیە، یانەکە لەبارودۆخێکی باش تێناپەرێت و لەئیستادا بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ، لە پلەی پازدەمینی ڕیزبەندی خولەدا دەبیندرێت، بەتایبەتی ئەگەر نەورۆز لە یارییەکانی داهاتووی خۆیدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت، ئەوا دەکەوێتە پلەکانی دواوەی ڕیزبەندی خولەکە.