بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە ناوچەیەكی هەرێمی (تبت) لە چین ڕووی دا، بەهۆیەوە لانیكەم 36 كەس گیانیان لەدەست دا.

میدیای فەرمیی چین رایگەیاندووە، کاتژمێر 9:05 خولەکی بەیانی بە کاتی چین (4:05 بە کاتی هەرێمی کوردستان)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلە بە پێوەری ڕێختەر، لە ناوچەی (دێنگر)ی هەرێمی تبت لە چین ڕووی دا، بەهۆیەوە لانیکەم 36 کەس گیانیان لەدەست داوە، دەیانی دیكەش كە تا ئێستا ژمارەكە بە دیاریكراوی ڕانەگەیاندراوە، بریندارن.

هەر بە گوێرەی میدیا چینییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە، ژمارەیەک خانوو ڕووخاون و تیمە فریاگوزارییەکان لە هەوڵی رزگارکردنی خەڵکدان.

ناوەندی بوومەلەرزەزانیی چین ئاماژە بەوە دەدات، ئەو بوومەلەرزەیە بەهێزترینی پێنج ساڵی ڕابردوو بووە.