
وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی ئامادەكارییە تەندروستییەكان لە پشووەكانی سەری ساڵدا بڵاو كردەوە.
تێیدا هاتووە: بە مەبەستی بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی بۆ هاووڵاتییان و ڕێکارەکانی پزیشکی و چارەسەری و فریاگوزاری بۆ نەخۆشان و ئامادەکارییەکانی دامودەزگاکانی تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ، وەزارەتی تەندروستی ئامادەکارییەکان بەم ڕێنماییانەی خوارەوە ڕادەگەیەنێت:
1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.
2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامیی ئێشکگری.
5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.
6. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (24) کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە (8) ی بەیانی تاکوو (8) بەیانی رۆژی دوایی ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
10. هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.
11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.
12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
13. بانکی خوێن و خزمەتگوزاریی دابینکردنی خوێن پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
14. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
15. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (24) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
16. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان بە شێوەی ئێشکگری.
17. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.