لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گەیشتنە ئیماڕات و لە شاری دوبەی بەشدارییان لە لە كۆنفڕانسی (IBBC) كرد.

 پێنجشەممە 12ی 12ی 2024، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان ڕایگەیاند: “فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری شاندێکی فەرمی حکوومەتی هەرێم، کە پێکهاتوون لە د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشداریان لە کۆنفڕانسی ئەنجوومەنی بارزگانیی بەڕیتانیی نێودەوڵەتیی (IBBC) لە شاری دوبەی لە ئیماڕاتی عەرەبیی یەکگرتوو كرد.”

ئاماژەی بەوەش داوە، كە سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، ڕایگەیاندووە، كە “لەو کۆنفڕانسەدا کار دەکەین بۆ پەیداکردنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی لە نێوان فەرمانگەکەمان و بەشداربوانی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوەکان و کۆمپانیا و بازرگانە جیهانییەکان تا ببینە پردێک لە نێوان ڕێکخراوە لۆکاڵییەکانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان و بەشداربوانی ئەو کۆنفڕانسە.”