سێشەممە، 10-12-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا چارەکردنی “کێشەی گواستنەوەی پارە”ـ ی لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانەوە ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوای سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ بەغدا و بردنی لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەم بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان لە گەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە توانییان کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ زیادکردنی بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە چارە بکەن و ڕۆژی دووشەممە، 09-10-2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فەرمانی گواستنەوەکە دەرچووە.”
وەزارەتی دارایی دەڵێت: “تیمەکەمان بە بەردەوامی لەسەر هێڵە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گەیشتنی پارەکە بە مەبەستی چارەکردن و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروست کراوە.”