خەبات: عامر فەرحان:- لە کۆتای مانگی ڕابردوو پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ وەرزشی کاراتێ لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 10 وڵات بەشداریان کردبوو، لاوێکی دانیشتوی خورماڵ، نوێنەرایەتی عێراقی کردوو، توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و مەدالیای ئاڵتونی لە مل بكرێت.

کۆیار بێستون یاریزانی کاراتێی خاوەن مەدالیای ئاڵتونی پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا لە لێدوانێکیدا بە لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: زۆر دڵخۆشم توانیم ئەم ناسناوە بەدەست بهێنم، سوپاسی دایکم و باوکم دەکەم کە زۆر هاوکارم بوون بۆ ئەوەی بتوانم لە وەرزشەکەی خۆم سەرکەوتووبم، هەروەها دەڵێت: بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە زۆر گرنگە، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمەی گەنجانی کورد ئەگەر هاوکاری بکرێین دەتوانین کێبرکێی هەموو وەرزشوانێکی جیهانی بکەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لە هەمان پاڵەوانێتی توانیم بەشێوازی تیمی کۆمێنت پلەی دووەەم بەدەست بهێنم و ببمە خاوەن مەدالیای زیو، بە هەمان شێوە لە سێوازی تیمی کاتا پلەی دووەم و مەدالیای زیو ببەمەوە، کە ڕاهێنەرەکەم زۆر هاوکارم بوو لە بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامانە.

لای خۆیەوە محەمەد فارس ڕاهێنەری یاریزان کۆیار یاسین لەلێدوانێکدا گوتی: من وەک ڕاهێنەرێکی وەرزشی کاراتێ، دڵخۆشم کە یاریزانەکانم دەتوانن ناسناوی جیهانی بەدەست بهێنن، ئێمە لە قەزای خورماڵ خاوەنی ژمارەیەک یاریزانی زۆرین کە توانیویانە لە پاڵەوانیەتیە جیهانییەکان بەشداری بکەن، پلەی یەکەم بەدەست بهێنن.