خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی -هەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی دیاری حوسێن، یاریدەدهری بەرپرسی مەکتەب و شێخ ستار عەواڵانی بەرپرسی لقی21 و هەڤاڵانی، لە هۆڵی بۆنەکانی لقی21ی پارتی له سلێمانی لەگەڵ هەڤاڵانی بەرپرس و جێگرانی بەرپرسی بنکەکانی سەرجەم لێژنە ناوچەکانی لقی21 كۆبۆوه و سوپاس و پێزانینی سەرۆک بارزانی ئاراستهكردن کە پێشمەرگەئاسا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگدان بۆ سەرخستنی لیستی190ی پارتی دیموکراتی کوردستان تێکۆشاون.
عهلی حوسێن لە گوتەیەکدا بۆ ئامادەبووانی كۆبوونهوهكه گوتی: هەوڵ و ماندووبوونتان ئامانجی هەبوو و پێگە و سەنگی پارتی دیموکراتی کوردستانی به بەهێزی و بە یەکەم هێشتەوە، ئەمەش بۆ کورد و کوردستان گرنگە. لە بەشێکی دیكهی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوەش کرد پیلانگێڕیهكی گەورە له دژی کوردستان و پارتی ههبوو، پێیانوابوو بە بچووککردنەوەی پارتی، کوردستانیش بچووک دەبێتەوە، بەڵام بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی و تێکۆشانی ئێوەی دڵسۆز پیلانەكه تێکشکا و کورستانیان و پارتی سەرکەوتن و پارتی هەر بە یەکەم مایەوە. لە بەشێکی دیكهی قسەکانیدا باسی سنووری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەی کرد و گوتی: ئەم دەنگانەی پارتی هێناویەتی هێشتا کەمە و دەنگی ڕاستەقینەی پارتی لەوە زیاترە، بەڵام خەڵک لەم سنوورەدا نیگەرانن و ناحەقیش نین، چونکە وەک پێویست خزمەت نەکراون و خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە، بۆیە لە کاتی هەڵبژاردندا دەمانگوت: پارتی تاقی بکەنەوە و دەنگ بدەن بە پارتی بۆ ئهوهی خزمەتی زیاتر بکرێن، بێگومان لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگهی حکوومەتهوه هەوڵ دەدەین زۆرترین پرۆژە و خزمەت لەم سنوورە بکرێت، ئینجا هێمای بۆ بارودۆخی دوای هەڵبژاردن کرد و گوتیشی: پارتی و سەرۆک بارزانی پێیان باشه كه ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک دڵسۆز بە خاک و گەلی کوردستان بێت و ئامانجی بەرەوپێشبردن بێت نەک ناشیرنکردنی هەموو شتێک.
باسی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و بەغدای کرد و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارئاسانی و هاوکاریەکی حکوومەتی بەغدای کردووە لەپێناو خەڵکی کوردستان، بەڵام بەغدا غەدر دەکات و بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان وەک کارتی گوشار بەکار دەهێنێت و ناینێرێت، لەکاتێکدا ئەوانەی دوێنێ دەیانگوت: نەوت تەسلیم بکەن و لەگەڵ بەغدا ڕێكبکەون هەموو شت باش دەبێت! ئێستا بارودۆخەکە دەبینن و نقەیان لێوە نایهت، بۆیە سەرۆک بارزانی و پارتی دەخوازن کوردستان خاوەنی یەک بڕیاری سیاسی بێت و یەک حکوومەت و پەرلەمان و پێشمەرگەمان هەبێت، چونکە بەو شێوەیە دەستکەوتی زیاتر بەدەست دەهێنین. پاشان هێمای بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد و گوتی: سەرۆک بارزانی و پارتی پشتیوانی لە خواست و داوای براکانمان لە بەشەکانی دیكهی کورستان دەکەن و هاوکارییان دەبین بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، باسی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەی کرد و گوتیشی: ئەم گۆڕانکاریانە لە ناوچەکەدا فراوان بووە و هەموو لایەک چاویان لەسەر پارتی و سەرۆک بارزانییە، بۆیە چەنده پارتی بەهێز بێت، کورستان بەهێز دەبێت و پشتیوانی نێودەوڵەتیش هەیە بۆ پاراستنی کوردستان.