بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای كرد كە مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و مووچەكانیش بە زووترین كات دابەش دەكرێن.
رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند “سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان، تەقدیر و پێزانینی زۆرمان بۆ پشتیوانی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە هەوڵی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەک لەپێناو مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێم، بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵ بوو، هەروەها محەمەد شیاع سوودانی هاتۆتە سەرخەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کورتهێنان”.
راشیگەیاند “پاش گفتوگۆیەکی زۆر لە بەغدا و پێداچوونەوەیەکی زۆر وردەکاری لەسەر تەرخانی بودجە و مووچەی هەرێم و فەسڵ و ماددەکانی بودجە، وەک یەک تیم لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری نیشتەجێکردن و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگری ئەمانەی عامە و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و بەندە لە وەزارەتی دارایی، بە تەنسیق و کاری رۆژانە و بەردەواممان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سکرتێری ئەنجوومەن و فەرمانگەی هەماهەنگی و تیمی وەزارەتی دارایی هەرێم توانیمان مووچەی مانگی 10 سەرف بکرێ کە 761 ملیار دینارە و مووچەی مانگی 11 کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرف دەکرێت کە نزیکەی 759 ملیار دینارە، لە هەمانکاتدا مناقەلەیەک لە تەرخانکراوی هەرێم لە فەسڵی نۆ دەکرێت بۆ سەر فەسڵی یەکی مووچە، بۆ پرکردنەوەی بەشێکی کورتهێنانی مووچە، مووچەی هەرێم پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک”.
رێباز حەملان هەروەها راشیگەیاند “ئەمرۆ دووشەممە لە بەغدا لیستی مووچەی مانگی 12مان گەیاندە وەزیری دارایی عێراق و وەزیر تەحویلی کرد بۆ تەدقیقکردن”.
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق جەختیشی كردەوە كە بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکان دەکرێت.