سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر مستەفا زەڵمی، خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بوو و جەخت لەوە دەکاتەوە، لەسەر ڕێگەکەی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن. 

یەکشەممە، 01-12-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری زەڵمی لە هەولێر؛ لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “لەسەر ڕێگەی مستەفا زەڵمی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، “میراتی دکتۆر مستەفا زەڵمی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکوو بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیهانی ئیسلام و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.”

دکتۆر مستەفا زەڵمی، وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسی کرد “خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بوو بەوەی؛ ئایینی ئیسلام ڕێگر نییە لەبەردەم پێشکەوتندا، بەڵکوو هێزێکی پاڵنەرە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوە، باوەڕی وابوو یاساکان جێگیر نین، بەڵکوو ئامرازێکن بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆیە دەبێت گەشەبکەن، تاوەکوو لەگەڵ پێداویستی و گۆڕانکاریی گەلان دا بگونجێن.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، یەکەم دیداری لەگەڵ مستەفا زەڵمی لە 12ـی تەممووزی ساڵی 2007 بووە و داوای لێ کردووە لە کوردستان بمێنێتەوە. ڕوونیشی کردەوە “بوونی ئەو پێویست بوو بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای باری کەسی. ئەو بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە گۆڕینی تێگەیشتنە هەڵەکان کرد سەبارەت بە کێشەکانی وەک؛ خەتەنەکردنی ئافرەتان، تەڵاق، کوشتنی ژنان و فرەژنی، ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆیەکی فیکری و فیقهیی بەرهەمداردا.”