سەرچاوە خۆجێییەکان ئەمڕۆ (شەممە 30ى 11ى 2024)، ڕایانگه‌یاند، سوپای ڕژێمی سووریا ژمارەیەک شارۆچکە و گوندی سەر بە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و بۆ ناوچەیەکانى تر کشانه‌وەتەوە.

ئەم سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، “سوپای ڕژیم شارۆچکەکانی دێرحافر، تەل عه‌رن، تەل حەسێل (زۆرینەی کوردن) و چەند گوندێکی دیکەی لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەبى ڕادەستی هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ کردووە”.

سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ سوپای ڕژیم بەرەو ناوچەی مەسکه‌نە لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەڕێکەوتن.

ئەمەش هاوکاته‌ لەگەڵ چوونه‌ ناوه‌وه‌ى گرووپه‌ چەکداره‌كانى سووریایه‌ كه‌ خۆیان به‌ (ئۆپۆزسیۆنى سووریا) ده‌ناسێنن بۆ ناو گەڕەکەکانی شاری حەلەب و دەیان شارۆچکە و گوندی لادێکانی حەلەب و ئیدلب.