ڕێبوار حەمەلاو شوانى
ئێمە لە سەردەمێکداین کە ناوچەکە و دنیا لە نێو ڕەوشێکى زۆر سەخت و پڕ ململانێدا گوزەر دەکات، کە مامەڵەکردن و سیاسەتکردن و دیپلۆماسییەتکردن هونەرێکى ژیرانە و کاراى دەوێت، بەتایبەت بۆ ئێمەى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان کە لە نێو جوگرافیایەکداین کە ڕۆژ نییە گرژى و ئاڵۆزى و بەریەککەوتن ڕوو نەدات و لەنێو ئەو جەمسەربەندى و هاوکێشانەدا ، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان وەک کەسایەتى و دیپلۆماتکارێکى بەتوانا و کاریگەر توانیویەتى زۆر ژیرانە لەگەڵ هاوکێشەکاندا کار بکات و بە ڕێگەى دیپلۆماسیى هەمەجۆرى وەک ئابوورى و گەشتیارى و سیاسى و کۆمەڵایەتى سیماى جوانى گەل و نیشتمانەکەى وەک دوورگەیەک کە هەمووان تێیدا هەست بە دڵنیایی و ئاسوودەیی دەکەن لە ئاڵۆزى و ئاگرى شەڕ و ناکۆکییەکانى ناوچەکە بەدوور بگرێت و بپارێزێت.
بە هەڵوەستەکردن لە سەر کۆڕبەندى ( مێپس) بۆ ئاشتى و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتى ناوین و دەستخستنەسەر کێشە و گرفتەکان و دیدگە و ستراتیژیى ڕوونى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکەدا، ئاماژەیەکى ڕوونە بە لێهاتوویی و ژیرى و دیپلۆماسیى کارایی مەسرور بارزانى بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان لەلایەک و لەلایەکى دیکەش پابەندبوون بە ئاشتى و سەقامگیرى و زیاتر گەشەپێکردنى هەرێمى کوردستان لە گشت بوارەکاندا نیشان دەدات.
ئەوەى لە وتار و هەڵوێستى سەرۆکوەزیرانى کوردستان خوێندنەوەى بۆ کرا بێت لە چەند خاڵێکى خوارەوە ئاماژەى پێ دەکەین کە بریتین لە:
یەکەم: بەستنى ئەم کۆڕبەندە لە بارودۆخێکى هەستیار و شڵەژاوى ناوچەکەدا، پەیامێکى ڕوونى گەلى کورد و سەرکردایەتیی کوردستانە کە کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئاشتى و چارەسەرکردنى کێشەکانە، هەرگیزیش باوەڕى بە توندوتیژى و تیرۆر نەبووە، خوازیارى ئەوەش بووە تا گرژی و ناکۆکییەکانى ناوچەکە بە ڕێگەى لۆژیک و گفتوگۆ و دیپلۆماسى چارەسەر بکرێن، بەتایبەتى بۆ هەرێمى کوردستان ئاشتى لە سەرەوەى هەموو شتێکى ترەوەیە.
دووەم: ستراتیژ و جەختکردنەوەى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان زۆر ژیرانە و بونیاتنەرانە بە شێوەیەک بووە مامەڵەکردنیان لەگەڵ جەمسەربەندییەکان و ئەکتەرە زلهێزەکان بە شێوەى هاوسەنگانە و واقیعییانەیە، بە شێوەیەک کە سیاسەتى بارزانى و هەرێمى کوردستان سیاسەتێک لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کوردستانە نەک جەمسەربەندى بۆ زلهێزێک و چوونە نێو هاوکێشەیەک کە زیان بە دۆزى کورد بگەیەنێت، بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن و دیپلۆماسییەت نەک هەر لە ڕابردوو و ئێستا توانیویەتى سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستان بەهێز و پتەو بکات، لە هەمانکاتیشدا توانیویەتى مودێلێکى جوان و گونجاو بێت لەنێو ئاڵۆزى و گرژییەکانى ناوچەکەدا.
سێیەم: یەکێکى تر لە ڕەهەندەکانى دیپلۆماسیی سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لە وتارە مێژووییەکەیدا، بەردەوامىی بەرەوپێشبردنى دیپلۆماسیی ئابوورى و هەمەچەشنکردنییەتى و ئینجا گرنگیدان و بایەخدانى حکوومەتى کوردستانە بە کەرتى کشتوکاڵ و گەشتیارى و بازرگانى وەک دیپلۆماسییەکى هەمەچەشن لە پێناو بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە لایەک و لە لایەکى دیکەش بەرەوپێشبردنى هەرێمى کوردستانە لە گشت بوارەکاندا و لەهەمانکاتیشدا پێویستە بە پلان و بەرنامە چاکسازى و پاکسازیى حکوومەت بکەین لە پێناو بەهێزکردنى بناغەى ئابووریى کوردستان و پشتکردن لە نەوت و گرنگیدان بە بوارەکانى تر بۆ ئەوەى وەک کارتى گوشار بۆ لاوازکردنى هەرێمى کوردستان بەکار نەهێنرێت.
چوارەم: هەروەها لە وتارەکەیدا مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان جگە لە بوارى دیپلۆماسى و ئابوورى و سیاسى، باسی لە بەهێزکردنى بونیاتى کۆمەڵایەتى بەتایبەتى مافى چین و توێژەکان و ئافرەتان دا کە چەندە کۆمەڵگەى کوردستان گرنگی بە پێشکەوتن و بەشداریکردنى کارای ئافرەتان داوە، کە ئەمە وایکردووە کە گۆڕانکاریى باش و گەشەپێدانى باش لە ڕووى دادپەروەرییەوە بەخۆیەوە ببینێت و وەک هێزێکى پێشکەوتنخواز لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەرفەتى گونجاو و باش بڕەخسێنێت.
پێنجەم: ئەوەى لە وتار و خەسڵەت و کردەوەکانى مەسرور بارزانى دیار و بەرچاوە کەسایەتیی بەهێز و کاریگەریانە، ڕوانگە و خوێندنەوە و دیپلۆماسییە سەرکەوتووانەکەیانە کە وایکردووە بە شێوەیەکى کاریزماتیک مامەڵەى ژیرانە و وردبینانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکەدا بکات، کە هەموو ئەمانە پشتیوان و یارمەتیدەرن بۆ پێشخستنى ئابوورى و کشتوکاڵ و بازرگانى و دادپەروەریى کۆمەڵایەتى لە پێناو کوردستانێکى بەهێزتر و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستى ناسەقامگیردا.
بە شێوەیەکى گشتى پیادەکردنى ئەو دیپلۆماسى و سیاسەتکردنە و تێگەیشتنى لە گرنگیى هاوبەشیى لەگەڵ وڵاتانى زلهێزی جیهان و ناوچەکە، هەموویان ئاماژە بە ستراتیژییەکى سەرکەوتووانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارى و کۆسپەکان بەتایبەت لەنێو جەمسەربەندییەکان و زلهێزەکان دەکەن، بەتایبەتى کە کوردستان نموویەکى باش و سەرکەوتووە لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدان لە ناوچەیەکى ئاڵۆزدا. بەتایبەتى کە مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان بناغەیەکى گرنگ و پتەوی لە ڕووى ئاشتى و گەشەپێدانى کوردستانێکى بەهێزتر و خۆڕاگرتر بونیاتناوە کە ئەوەش بووەتە نموونەیەکى جوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا.