
خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- لە گەڕی چوارەمی خولی تۆپى پێی نایابی كوردستان، لە یاریگاکانی کوردستان چوار یاری گرنگ بەڕێوەچوو، لە یاریگەى ئاکرێ، یانەى ئاکرێ میوانداریی یانەى پێشمەرگەى هەولێری کرد، ئاکرێ توانی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت و بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک لە پیشمەرگەى هەولێری میوان بردەوە، گۆڵەکانی یانەى ئاکرێ لە لایەن ئیبراهیم ئەمینۆ و ئەرکان مەنسوور تۆمار کران، تاکە گۆڵەکەى پیشمەرگەى هەولێر لە لایەن یاریزانی پیشەگەر فرانسیس دادزى تۆمار کرا، بەم ئەنجامە یانەى ئاکرێ دوای ئەنجامدانی دوو یاری، کۆی خاڵەکانی بوو بە 6 خاڵ، هەنگاوێک چووە ریزبەندی سەرەوەى خولەکە، لە بەرامبەردا یانەى پێشمەرگەى هەولێر بەم ئەنجامە و لە کۆی چوار یاریدا تەنها 7 خاڵى کۆکردۆتەوە و پلەى دووەمی ریزبەندی خولەکەى لەدەستدا، هەروەها لە یاری دووەم و لەیاریگەى هەندرێن، هەردوو یانەى هەندرێن و چوارقوڕنە ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، یارییەکە بەیەکسان بوونی هەردوولا بە تاکە گۆڵێک کۆتایی هات و هەردوولا بەخاڵێکی یارییەکە رازی بوون، هەروەها لە یاری سێیەم و لە یاریگەى ڕانیە، یانەى دەربەندیخان بووە میوانی یانەى ڕانیە، یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەى ڕانیە کۆتایی هات، یارییەکەى بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک لە دەربەرندیخانى بردەوە، هەروەها یاری نێوان یانەى رزگارى و یانەى سیروانی نوێ، یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەى خاوەن یاریگە کۆتایی هات و توانی بەئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە سیروانی نوێ بباتەوە.
هەر لە درێژەى یارییەکاندا، لەوانە لە یاریگەى یانەى برایەتی، هەردوو یانەى برایەتی و هەولێر ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، لە ئەنجامدا یارییەکە بەیەکسان بوونى هەردوولا بەبەبێ گۆڵ کۆتایی هات، لە لایەكی دیكەوە و لە یاریگەى شێروانە، یانەى شێروانە میوانداریی یانەى شەقڵاوە کرد، یارییەکە بەسەرکەوتنى یانەى شێروانە بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ کۆتایی هات، هەروەها لە دوایین یاریدا، هەردوو یانەى زاخۆ و سەید سادق لە یاریگەى زاخۆ بەیەک گەیشتن، لە ئەنجامدا یانەى زاخۆ توانی یارییەکە بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک لەسەید سادق بباتەوە.