خەبات: هەندرێن شێرزاد:- ئەگەر 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو پرسیارەت ئاراستە كردبام ، دەموت : ئەو كاتە ئەڵمانیا بەجێ دێڵم كە راستڕەوە توندڕەوەكان بگەنە بۆندستاگ. ئێستاش پارتی بەدیل گەیشتە پەرلەمان و لەوێ خاوەنی زیتر لە 100 كارمەندی راستڕەوی توندڕەوە . یان لەوانەبوو بموتبایە : ئەو كاتە ئەڵمانیا بەجێ دێڵم كە پارتی بەدیل دادوەری دەستووری دادەمەزرێنێ ، ئەمەش روویدا. ئەوەتا لە ویلایەتی باڤاریای باشوور ، كە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێ كاندیدی تایبەت بەخۆی بخاتە روو ، چەندین بەربژێری پارتی بەدیل بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كران.
ئێستا خاڵە سوورە تازەكانم چین؟
پارتی بەدیل دەچێتە نێو حكومەت و قۆناغ بە قۆناغ دەست بە داڕشتنەوەی سەنتەرەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكات ، دوور نیە وەزارەتی ناوخۆش وەربگرێ ، ئەو كاتە كۆنترۆلی هەردووك دەزگای هەواڵگری و پۆلیس و نووسینگەكانی پەنابەریی و كۆچبەری دەكات و بنەما یاساییەكانی وەرگرتنەوەی رەگەزنامە و دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران دادەڕێژێ. بۆیە جارێكی دیكە داوات لێ دەكەم پەلە بكە لە گرتنەبەری رێوشوێنی وەرگرتنی مافی مانەوە و رەگەزنامەی ئەڵمانی، ئەگەرچی لە كۆتاییدا بڕیارەكە لە دەستی تۆدا نیە. گەورەترین درۆی فاشی و نەتەوەخوازەكان ئەوەیە كە دەڵێن جیاوازی لەنێوان پەنابەرانی باش و خراپدا دەكەن. ئەم رۆژانە سەرقاڵی خوێندنەوەی یادەوەرییەكانی ڤیكتۆر كلیمرەری فەیلەسوفم ، ئای چ بەڵگەنامەیەكی مێژوویی گەورەیە و زۆر بە وردی و بە زمانێكی خۆش وەسفی ئەو گۆڕانكاریانە دەكات كە لەنێوان ساڵانی 1933 و 1945 بەسەر ژیانی رۆژانەی ئەڵمانەكاندا هاتوون . ئەو یادەوەریانە دەخوێنمەوە و بەخۆم دەڵێم : تا كات ماوە ئەوێ بەجێ بێڵە.
ئازیزم ڤانیسا
دەزانی لەبەرچی شێت بووم؟ بەهۆی ئەوەی كە لە ئەڵمانیا هەستی پێ دەكەم ، پێم وایە هەمیشە لەژێر چاودێریی دام ، نەوەك لەلایەن دەزگای هەواڵگریی . پێم وایە لەنێو كۆمەڵگای ئەڵمانیدا چاودێریی و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو شتانە دەكرێ كە هی كەسی قژ رەشن. ئەوەی نیگەرانم دەكات راستڕەوانی توندڕەو نیە ، بەڵكو ئەو گرتە ڤیدیۆیانەن كە بڵاو دەكرێنەوە ، لەنێویاندا ئەو گرتەیەی لە دوورگەی زۆلت تۆمار كراوە و تیایدا كۆمەڵێك هاوڵاتی ئاسایی هاوار دەكەن و دەڵێن : ئەڵمانیا بۆ ئەڵمانەكانە .. بیانیەكان دەركەن . پێدەچێ توێژێكی فراوانی نێو كۆمەڵگای ئەڵمانیا بخوازێ ئۆباڵی هەموو كێشە و گرفتەكان بخاتە ئەستۆی پەنابەران . ئەوەی دڵتەنگم دەكات خواستی بوونمە بەبەشێك لەو كۆمەڵگایەدا كە تیایدا جارێكی دیكە فاشییەت گەشە دەكاتەوە . قسەكردن تەنیا دەربارەی كۆمەڵێك نەفام و توندڕەو و نەتەوەخواز نیە، بەڵكو دەربارەی زۆرینەیەكە كە لە دەوڵەت و سیاسەتەكانی رازی نیە.
وەرە، هێمنیی لێرەیە
ئەم دوونامەیە و چەندین نامەی تری هاوشێوە ، بناغەی چیرۆكێكی یەكترناسینی دوو كەسە كە لە سەرەتادا هیچ لەیەك نەدەگەیشتن ، بەڵام هەردوولا سوور بوون لەسەر درێژەدان بە دۆخەكە تا لە كۆتاییدا چیرۆكەكە بە كتێبێك و پەیوەندیەكی ژن و مێردایەتی كۆتایی هات. پیاوەكە ئەحمەد قەتڵیشی نووسەری سوورییە ، ساڵی 2013 لە سووریاوە هەڵاتووە بۆ ئوردن و لەوێشەوە خۆی گەیاندۆتە ئەڵمانیا . خانمەكەش ڤانیسا فوی رۆژنامەنووسی هەفتەنامەی دی سایتی ئەڵمانییە و كچی دایك و باوێكی ڤێتنامیی پەنابەری باشووری ئەڵمانیایە . گرنگیی ئەو نامانە بە گوێرەی بۆچوونی ئەحمەد و ڤانیسا تەنیا پەیوەست نین بە بونیادنان و بەرگریكردن لە ماڵێكی نموونەیی ، بەڵكو بوونە ناوەڕۆكی كتێبێك بە ناوی ” وەرە، هێمنیی لێرەیە”.
هۆكارەكانی مانەوە
سەبارەت بە ڤانیسا ، هۆكارەكانی مانەوە دیارن : ئەو لەدایكبووی ئەڵمانیایە و ئەڵمانی بۆ ئەو زمانی دایكە، وەك خۆشی دەڵێ: ئێستا ئەو كچە لاوازە نیە كە لە كامپی پەنابەراندا دەژیت ، بەڵكو رۆژنامەنووسێكی سیاسییە و خاوەنی شارەزایی و پەیوەندیی ئەوتۆشە بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگریی لەخۆی بكات و لە وڵاتێكی دیكە ژیانێكی تر بۆ خۆی پێكبێنێ. بەڵام هۆكارەكانی ئەحمەد لاوازترن لە هۆكارەكانی ڤانیسای هاوسەری . ئەو وەك خۆی دەڵێ: سەبارەت بە كۆچكردن بۆچوونێكی پراگماتیكیانەی هەیە و لە ئێستادا دەیەوێ لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە چونكە لەگەڵ هاوژینەكەیدا ماڵێكیان پێكهێناوە و خۆشیان دەوێ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەوە ناترسێ ئەگەر رۆژێك لە رۆژان ناچار بكرێن ئەڵمانیا بەجێ بێڵن.
هەڵكشانی ترسی پەنابەران
بیرۆكەی بەجێهێشتنی ئەڵمانیا تەنیا پەیوەست نیە بە ڤانیسیا و ئەحمەد، لەو بارەوە ئەحمەد دەڵێ ، هەموو دۆست و برادەر و كەس و كاریشی بیر لە هەمان شت دەكەنەوە ، بە تایبەتی دوای ئەو ئەنجامە مێژووییانەی پارتی بەدیلی توندڕەو لە ئەیلولی رابردوو لە سێ ویلایەت و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپیش وەدەستی هێنا. بە گوێرەی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە ناوخۆییانە، پارتی بەدیلی راستڕەو لە ویلایەتی تورنگن 32.8% ی دەنگی وەدەست هێنا و پلەی یەكەمی مسۆگەر كرد ، لە ویلایەتی ساكسۆنیاش بە پلەی دووەم هات و تەنیا بە یەك خاڵ لەدوای پارتی كرستیانی دیموكراتی هات ” 31.0% بەرامبەر 30.6% ” هاوكات لە ویلایەتی براندنبۆرگ 30% ی دەنگی برد و هەڵكشانێكی مێژوویی تۆمار كرد، ئەم ئەنجامە پێشبینی نەكراوانە بوونە شۆكێك بۆ رای گشتی و پارتە دیموكراسییەكان ، لە هەمان كاتدا ترسی گەورەشیان لە دڵی پەنابەراند چاند ، لەوەی دوور نیە بكەونە بەر پلانی دەركردن و دیپۆرتكردنەوە كە لەلایەن ئەو پارتە راستڕەوەوە دادەڕێژرێ.
دووانەی ” ئەڵمانیا بۆ ئەڵمانەكانە .. بیانییەكان وەدەر نێن”
هەڵكشانی پارتێكی راستڕەوی وەك پارتی بەدیل لە هەڵبژاردنەكاندا لە كاتێكدایە كە گومان لە گەڕانەوەی دووانەی ” ئەڵمانیا بۆ ئەڵمانەكانە .. بیانییەكان وەدەر نێن” ناكرێ ، بەڵكو خەریكە ئەمە دەبێتەوە دیاردەیەكی ئاسایی . لە راستیدا بابەتەكە تەنیا پەیوەست نیە بە چەند گرتەیەكی ڤیدۆیی كە تیایاندا قوتابیانی چەند قوتابخانەیەك یان هاندەرانی تۆپی پێ ئەم وتانە دووبارە بكەنەوە ، بەڵكو پێدەچێ ئەم دەربڕینە توندانە خۆیان خزاندبێتە نێو چینی ناوەندی كۆمەڵگا .بە گوێرەی كەناڵی تەلەفزیۆنیی ئێن دی ئار ، لە نێوان تشرینی یەكەمی 2023 و تەمموزی ئەمساڵدا ، نووسینگەكانی پۆلیس و دەیان نووسینگەی داواكاری گشتی ، یان ئەو نووسینگانەی تایبەتن بە تۆماركردنی سەرپێچییە رەگەزپەرستیەكان 389 گرتەی ڤیدیۆییان دەست كەوتووە كە تیایاندا گەنجان ئەو درووشمانە دەڵێنەوە. ئەم كەناڵە پێشی وایە ئەمە هەموو بابەتەكە نیە ، چونكە زۆر حالەت و گرتەی ڤیدیۆیی دیكە لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەكانەوە تۆمار نەكراون.
بە ژمارە
لە توێژینەوەیەكدا كە لەلایەن سەنتەری ئەڵمانی بۆ گونجاندن و توێژینەوەكانی كۆچكردن ” دیزیم” ەوە ئامادە كراوە ، دەركەوتووە كە زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەڵمان پارتی بەدیل بە پارتێكی دژە دیموكراسی و رەگەزپەرست دەزانن . بەڵام ئەوەی زیاتر ئەو هاوڵاتیانە دەترسێنێ كە بە رەگەز پەنابەرن ، پلانەكانی ئەو پارتەیە سەبارەت بە ئەنجامدانی كۆچكردنێكی پێچەوانە و دەركردنیان لەو وڵاتە. لە توێژینەوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە هاوڵاتیان بە گشتی بیر لەوە دەكەنەوە ئەگەر پارتی ناوبراو بگاتە دەسەڵات ، روو بكەنە دەرەوەی ئەڵمانیا یان ویلایەتی دیكە ، ئەو رێژەیەش بە ژمارە بڵاو كراونەتەوە كە وەك ئەمەی خوارەوەن:
– 25% ی هاوڵاتیان كە بە رەگەز پەنابەرن بیر لە بەجێهێشتنی ئەڵمانیا دەكەنەوە.
– 9% یان هەنگاویشیان بۆ بەجێهێشتن گرتۆتە بەر.
– رێژەی ئەو ئەڵمانە رەسەنانەی بیریان لە گرتنەبەری هەنگاوی لەم جۆرە كردۆتەوە 12% ە.
– رێژەی ئەو پەنابەرانەی بیر لە گۆڕینی ویلایەتەكەیان دەكەنەوە لە نێوان 18% تا 34% ە.
– 12% یان هەنگاویان ناوە كە روو بكەنە ویلایەتی تر.
– 24% ئەو پەنابەرانەی بەنیازن ئەڵمانیا بەجێ بێڵن خەڵكی وڵاتانی عەرەبین.
ئابووری، بۆچوونێكی رەشبینانە
سەبارەت بە هەڵكشانی پارتە راستڕەوەكان و كاریگەریی ئەمە لەسەر ئابووری ئەڵمانیا شارەزایەك پێی وایە وەرچەرخانی ئەڵمانیا بۆ وڵاتێك كە پێویستی بە دەستی كرێكاری دەرەوە نەبێ ، زیان بە توانای گەورەترین هێزی ئابووری ئەوروپا دەگەیەنێ و دەرفەتی پێشبڕكێكردن و توانای سەرمایەگوزاری لێ دوور دەخاتەوە ، ئەمە جگە لەو زیانانەی كە بەر ناوبانگی ئەڵمانیا دەكەوێ وەك وڵاتێكی دیموكراسی و فرەڕەنگ و لایەنگری كرانەوە و راكێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی ، ئەمەش بێگومان لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی لاوازكردنی گەشەی ئابووری.
400 هەزار كاری بەتاڵ
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی عەرەبی – ئەڵمانی ئاماژە بە كەمبوونەوەی ژمارەی دەستی كرێكار دەكات ، هاوكات شارەزایان پێشبینی دەكەن لە ساڵانی داهاتوودا كاریگەریی ئەم كەمبوونەوەیە زیاتر دەردەكەوێ. لە راستیشدا كۆمپانیا ئەڵمانیەكان ساڵانە پێویستیان بە نزیكەی 400 هەزار كرێكاری كارامە هەیە بۆ ئەوەی كاركردنیان بەردەوام بێ. لەلایەكی دیكە ، كەمبوونەوەی رێژەی كرێكاران مانای داكشانی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتیش دەبەخشێ . لەو بارەوە نووسینگەی ئاماری ئەڵمانیای ئیتیحادی ئاماژە بەوە دەكات بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی هەر كۆمەڵگایەكی پیشەسازی دانەبەزێ ، پێویستە هەر ئافرەتێك 2.1 منداڵی ببێ ، بەڵام ئەو رێژەیە لە ئێستادا لەنێو ئافرەتانی ئەڵمانیا 1.46 منداڵە. بە شێوەیەكی گشتی، ئەم نووسینگەیە پێی وایە نەهاتنی پەنابەری تازە بۆ ئەڵمانیا ، مانای وایە تا ساڵی 2040 وڵات نزیكەی 9 ملیۆن هاوڵاتی لەدەست دەدات ، بۆیە بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەم گرفتە ، تا ساڵی 2040 ئەڵمانیا ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 490 هەزار پەنابەری تازە دەبێ كە تەمەنیان لە نێوان 20 تا 66 ساڵ بێ.