خەبات: عەلی بانیشاری:- زیاتر لە 200 كلیۆمەتر دووجا ڕووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان ماوەیە پاكبكرێتەوە. یەكی شوباتی 2028 كۆتا كاتە بۆ پاككردنەوەی ئەو ڕووبەرە. جێگری سەرۆكی دەزگای مینیش دەڵێت: ناتوانین لەو ماوەیەدا ئەو 200 كیلۆمەتر دووجایە پاك بكەینەوە، چونكە ئەو ڕووبەرە كەوتووەتە ناوچەی شاخاویی و كاركردن تێیدا ئاسان نییە.

نیازی ئەرگوشی، جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین (بریكاری وەزیر) بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: دەزگای مین و ڕێكخراوەكانی بواری مین لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو 30ـی ئەیلوول، توانیوویانە دوو ملیۆن و 430 هەزار و 775 مەتر دووجا لە زەوی و شەڕگە پیسبووەكان بە مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان پاك بكەنەوە و هەر لەو ماوەیەدا 2741 مینی دژە كەسی و 20 هەزار و 595 پارچە تەقەمەنیان لەناوبردووە.

بەپێی ئاماری دەزگای گشتیی كاروباری مین، زەوی و شەڕگەی پاككراوە لە مین و تەقەمەنی بەپێی پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆكان بەم شێوەیە: هەولێر 249 هەزار و 18 مەتر دووجا، سلێمانی و هەڵەبجە 799 هەزار و 223 مەتر دووجا، دهۆك 753 هەزار و 909 مەتر دووجا، گەرمیان 628 هەزار و 625 مەتر دووجا.

نیازی ئەرگوشی گوتیشی: هەر كێڵگەیەكی مین لە هەرێمی كوردستان لەلایەن تیمەكانی دەزگای مین یاخود رێكخراوە موڵەت پێدراوەكان پاك بكرێتەوە جێگای متمانەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەكاریبهێننەوە، چونكە شێوازی كاركردنمان، شێوازی مرۆییە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی كاروباری مین پڕۆسەكە ئەنجام دەدرێت و بە زۆر ڕێكاری توندی سەلامەتیدا تێپەڕدەبێت تاوەكو ئەو كاتەی زەوییەكە ڕادەستی لایەنی پەیوەندار دەكرێت. ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی پلان هەر زەوییەك كە لەلایەن بەرپرسی تیمەكان دادەنرێت ئەو زەوییە گەرەنتی سەلامەتی دووبارە بەكارهێنانەوەی پێدەدرێت تاوەكو ڕێژەی 99.9%.

جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین دەڵێت: ئەمساڵ تاوەكو 30ـی ئەیلوول، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان 25 كێڵگەی مین داوای پاككردنەوەیان ڕادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە و زۆربەی زەوییەكانیش كشتوكاڵین و هەندێكیشان لەوەڕگان، زیاتر گوتی: لە ئێستادا مەزەندە دەكرێت زیاتر لە 200 كیلۆمەتر دووجا لە ڕووبەری پیسبوو بەمین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی لە هەرێمی كوردستان مابێت كە پاكنەكرابێتەوە، نیازی ئەرگوشی دەشڵێت: ئەو ڕووبەرە فراوانەی كە پاكنەكراوەتەوە لە بەرزاییەكانی هەرێمی كوردستانن و ژینگە و سروشتی ناوچەكەیان تێكداوە.

ناوبراو ئەوەشی گوت: ڕووبەری پاكنەكراوە لە مین و تەقەمەنی بە ڕێژەی 85.47% زەوی كشتوكاڵی لە خۆدەگرێت، دوای پاككردنەوەیان دەكرێت پڕۆژەی زۆر گرنگی گەشتیاری لێ ئەنجام بدرێت و ببێتە سەرچاوەیەكی داهاتێك بۆ هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشكرد، دوای ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا سێكتەری كشتوكاڵی بە یەكێك لە كاری هەرە لە پێشنییەكانی خۆی دانا بەمەبەستی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات، دەزگای كاروباری مینیش لەو دیدگایە و ئەو ڕووبەرانەی كە بۆ پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و ئاو بەكاردێن و پیسبوون بە مین و تەقەمەنی لە پلانی دەزگا و رێكخراوەكانی جێكردەوە و بە كاری لە پێشبینەی داناوە، بۆیە لە ئێستادا زۆربەی ئەو زەوی و شەڕگانەی كاری مینلابەری تێدا ئەنجام دەدرێت زەوی كشتوكاڵین و داوای پاككردنەوەیان هاووڵاتیان دەتوانن بۆ ڕەز و باخ و بێستان بەكاریبهێننەوە.

سەبارەت بەو ماوەیەی پێویستە بۆ پاككردنەوەی تەواوی ئەو ڕووبەرەی كە پیسبووە بە مین و تەقەمەنی، جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین گوتی: 1/2/2028 دوا وادەیە بۆ كۆتاییهێنان بە مینی دژە كەسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەگەر باسی هەرێمی كوردستان بكەین ئەو ڕووبەرەی كە ماوەتەوە و مین و پاشماوەی جەنگی تێدایە بە دڵنیاییەوە لە ماوەیەدا ناتوانرێت پاكبكرێتەوە، بەو پێیەی ئەو ڕووبەرە لە ناوچەی شاخاویین و كاركردن تێدا ئاسان نییە و كەشوهەوای ئەو شوێنانە ناجێگیرە و هەموو ئامێرێكی مینپاكی لەو ناوچانە كاری پێ ناكرێت تاوەكو پرۆسەكە خێراتر بكرێت، بێگومان ئەگەر پاڵپشتی دارایی و كۆمەكی وڵاتان نەبێت و ژمارەی رێكخراوەكان زیاد نەكرێن، ماوەیەكی زۆر زیاتر پێویستە لەو وادەیەی كە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە پابەندكراوە پێوەی.

دەزگای گشتیی كاروباری مین، زیاتر لە 90 تیمی جۆراوجۆری لە بواری كاروباری مین هەیە، لەو ژمارەیە 39 تیمان تایبەتن بە لابردن و تەقاندنەوەی مین. بەوتەی نیازی ئەرگوشی، تیمەكانی مینلابەری و تەقاندنەوەی مین بە شارەزاییەكی زۆرەوە كاری مینپاكی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن.