خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە :- لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و پێگەشتنی هەنار، هاووڵاتیان خواستیان لەسەر شەربەتی هەناروو ڕوبە هەنار زیاد دەکات، شاخەوان کەریم هاووڵاتییەکی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، لەلێدوانێکدا تایبەت بەخەباتی ڕاگەیاند: لەگەڵ پێگەیشتنی هەنارەکانمان دەیانڕنین و لەیەکێک لەکارگەکانی شەربەتی هەنار ئاوی هەنارەکە دەگرین، شەربەتی هەنار و ڕوبە هەناری لێ درووست دەکەین.

هەروەها لەبارەی چۆنییەتی درووستکردنی ڕوبە هەنار شاخەوان کەریم گوتی: دوای ئەوەی ئاوی هەنارەکە دەڕنین، دواتر پاڵفتەی دەکەین و لەناو مەجەڵێک بۆ ماوەی ( 9 بۆ 10) کاتژمێر جوان دەیکوڵێنین بۆ ئەوەی خەست ببێتەوە، لەوکاتەشدا بەردەوام دەبێت چاودێری بکرێت و کەفی ئاوەکەی لێبکەینەوە بۆ ئەوەی بەجوانی خەست ببێتەوەو پاشان دایدەنێین تا تەواو سارد دەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.

هەروەها دەشڵێت: ئێستا بوونی کارگەکانی شەربەتی هەنار کارئاسانیی زۆریان بۆ باخەوانەکان کردووە بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو ئەرکی زۆرتر بوو، چونکە ساڵانی ڕابردوو دەبووایە بەدەست هەنارەکەمان داوەراندابا و دەنکی هەنارەکەشمان هەر بەدەست بشێلابووایە تا بیکەین بەئاو، ئەوەش ماندووبوونێکی زۆر و کاتێکی زۆری پێویست بوو.

لای خۆیەوە سیروان ئەمین خاوەنی کارگەی شەربەتی هەناری عەبابەیلێ لە پارێزگای هەڵەبجە بە خەباتی ڕاگەیاند: ئێمە ساڵانە لەوەرزی پاییزدا دوومانگ کاردەکەین لەگەڵ وەرزی پێگەیشتنی هەنار ئەوە کاری ڕۆژانەمانە، بۆ ئەمساڵ ڕۆژانە 40 بۆ 50 تۆن هەنار لەکارگەکەمان دەکەین بە ئاوی هەنار و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان لەناو ساردکەرەوە هەڵدەگرن و لە وەرزەکانی دیکەدا بەکاری دەهێنن.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: توێکڵی هەنارەکەش بۆ خواردنی ئاژەڵ بەکار دێتەوەو ترشەکەشی لەپێکهاتەی هەندێک خواردندا بەکار دەهێنرێت، بەوەش هەم ژینگە پیس نابێت هەمیش سوودی لێوەردەگیرێت. هەروەها دەشڵێت: تەنها لەپارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 10کارگەی شەربەتی هەنار بوونی هەیەو ژمارەیەک هەلی کاریشیان بۆ گەنجان و خەڵکی دەڤەرەکە ڕەخساندووە.