لە ڕێوڕەسمێكدا، پارێزگاری هەولێر سەنتەری (دارۆ)ی بۆ ئۆتیزم كردەوە، كە تێیدا خزمەتگوزاریی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و.. هتد پێشكەش بە تووشبوانی ئۆتیزم دەكرێ.
شەممە 23ی 11ی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكدا، “ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر، لە گەڕەکی 32ـی پارکی شاری هەولێر سەنتەری (دارۆ) بۆ ئۆتیزمی کردەوە.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە لە سەنتەری دارۆ “خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ڕاهێنانەوەی نەخۆشانی ئۆتیزم پێشکەش بە تووشبوانى ئۆتیزم و بنەماڵەکانیان دەکرێت، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و کارمەندانى سەنتەرەکە کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن.”
ڕوونیشی كردووەتەوە، كە “ئۆتیزم بریتییە لە تێکچوونی باری گەشەکردنی ئەقڵ و نیشانەکانیشی لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا دەردەکەوێت، کە کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت لەرووی چالاکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی بە دەورووبەرەوە بەجۆرێک تووشبوانی ئەم جۆرە نەخۆشییە لەتەمەنی ھەرزەکاریدا کێشەی قسەکردن و چەند گرفتێکی دیکەیشیان دەبێت.”