ئەمڕۆ (شەممە، 23-11-2024) هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا لە نەخۆشخانەی رزگاریی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
“کاژێر 05:00ـی ئەم ئێوارەیە کۆچی دوایی کردووە و سبەی (یەکشەممە) لە گۆڕستانی کەسنەزان بەخاکدەسپێردرێت.”
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بەشداریی دەیان شانۆگەریی و درامای کردووە کە دیاترینییان درامای “هەبوو نەبوو” بوو کە یەکێکە لە کارە جوانەکانی و زۆر کاردانەوەی گەورەی لەنێو خەڵکدا ھەبوو، ھاوکات کۆمەڵێک ھونەرمەند لە رێگای ئەم کارەوە چوونە نێو خەڵک، لەوانەش زاھیر عەبدوڵڵا بوو کە بە رۆڵی عومەر چاوچنۆک بەشداریی ئەم کارەی کردووە.
لە ساڵی 1989 بەشداری لە تەمسیلی “کەونە دەرکە” دەکات. لە ساڵی 1993 بەشداری زنجیرە تەمسیلی “کەوەکانی قەرەچووخ” دەکات کە رۆڵی جەوهەر ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەکەی دەکات و لە ساڵی 2007 بووەتە بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی ھەولێر و ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی کردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ساڵی 2019 کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی (تەیراوە هەر بە پیاسە) کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.
زاهیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی “ئەنجامی پووڵپەرستی.” دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.