فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سیستمی بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابیندەکرێت.
رەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکیی گشتیی پێشمەرگە بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، “ئەندامانی پێشمەرگە دەتوانن لە رێگەی سیستمەکەوە نووسراوێکی راستەوخۆ بکەن، پاشان لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشکییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت کە چۆن لە رێگەی نەخۆشخانە تایبەت و حکومییەکانەوە چارەسەر وەربگرن”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئەو پێشمەرگانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، بە سیستمی بیمەی تەندروستی بەشێک لە چارەسەرەکانیان وەردەگرن و هەر پێشمەرگەیەک رێگەپێدانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەسەرکردن، تاوەکو رێژەی 70% گەڕانەوەی خەرجی بۆ دەکرێت و ئەوانەشی رێگەپێدانیان نییە لە رێگەی لیژنەی پزیشکییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و تاوەکو 25%ی تێچووەکەی بۆ دەگەڕێتەوە”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، سیستمی بیمەی تەندروستى لە داهاتوویەکی نزیکدا فراواندەکرێت و ئەندامانی خێزانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە و دەتوانن لێی سوودمەندبن.