هەڵەبجە- عامر فەرحان: لەمیانی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی (ئێن پی سی) جیهانی لەشاری بەسڕەی عێراق، پاڵەوانێکی کورد، دانیشتوی ناحیەی سیروانی سەر بەقەزای هەڵەبجە توانی پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت و دوو مەدالیا بباتەوە. هەرێم شەهید دارا یاریزانی لەشجوانی لە لێدوانێکدا تایبەت بەخەباتی ڕاگەیاند: زۆر دڵخۆشم توانیم ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنم، پاڵەوانێتی ئێن پی سی جیهانی پاڵەوانێتییەکی گرنگە چونکە ناوبژیوانەکانی لە ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکاوە هاتبوون سەر بە مستەر ئۆڵۆمپیبوون، چەندین وەرزشوان لەوڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە بەشداریان کردبوو. هەروەها گوتی: لە ئاستی تاك و لە کێشی 90 کیلۆی توانیم لە ڕشتەی بۆدی بڵدینگ و ڕشتەی کلاسیک فیزیک پلەی سێیەم بەدەست بهێنم دوو مەدالیا ببەمەوە، کە ئەمە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ وەرزشی کوردستان. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەو ئەنجامە لە ئاستی تاکە کەسی بەدەستم هێناوە، بەداخەوە هیچ کەس و لایەنێک هاوکاری نەکردووم و ئەگەر هاوکاری بکرێین دەتوانین زیاتر پەرە بەتواناکانمان بدەین و ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنین.