زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ ڕاوێژکاری یەکەمی میلان دووپاتیکردەوە کە گەورەترین ئامانجی یانەکە گەڕانەوەیە بۆ لوتکەی تۆپی پێی ئەوروپا و دروستکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووییدا.
ئیبراهیمۆڤیچ لە لێدوانەکانیدا بۆ تۆڕی تۆپی پێی ئیتاڵیا ڕوونیکردەوە، گەیشتن بەم ئامانجە پێویستی بە سەبر و هەوڵی بەردەوام هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، “میلان بەشێکی سەرەکییە لە مێژووی تۆپی پێ، ڕێگای گەڕانەوە بۆ لوتکە پێویستی بە کاری قورس هەیە”.
سەبارەت بە ڕۆڵی نوێی دوای وازهێنانی لە یاریکردن، ئیبراهیمۆڤیچ پابەندبوونی خۆی بە پڕۆژەی میلان و متمانەی خۆی بە دیدگای داهاتووی یانەکە دەربڕی و گوتی: باوەڕم بەو پڕۆژەیە هەیە و هەست بە جۆش و خرۆشێکی گەورە دەکەم بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لەگەڵ تیپەکەدا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، میلان لە ژیانی وەرزشیدا زۆری پێبەخشیوە، ئێستاش هەوڵدەدات ئەو چاکەیە بۆ یانەکە بگەڕێنێتەوە.