خەبات: برادەر كەلهوڕ:- لە سەردانێكدا بۆ فەرەنسا ، جۆ بایدنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆ بووەوە وپرسی بازرگانیكردن لەگەڵ كۆماری چینی میللی و جەنگی ئۆكراینایان تاوتوێ كرد.هاوكات دووپاتیان كردەوە كەپێویستە ئەمەریكا و فەرەنسا هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی رەوش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست دەرنەچێت.
دیدارێك لە كۆشكی ئەلیزێ
لە چوارچێوەی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی 80 مین ساڵیادی دابەزینەكەی نۆرماندی ، سەرۆكی فەرەنسا پێشوازی لە جۆ بایدنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد كە بە سەردانێكی رەسمی هاتبووە پاریس.. هەردوو سەرۆك چەند پرسێكیان خستە بەر باس لەوانە،بازرگانی و جەنگی ئۆكراینا و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.ماكرۆن لە كۆشكی ئەلیزێ لە تەك بایدن ، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: ئەمەریكا و فەرەنسا بە یەكەوە هەموو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی رەوشەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەقێتەوە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس نەبێتە جەنگێكی هەرێمی ، هاوكات كار بۆ ئەوە دەكەن رەوشەكە هێور بكەنەوە بە تایبەتیش پشێوییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی كە ئێران پشتگیریان لێ دەكات.
دوورخستنەوەی لوبنان لە جەنگ
سەرۆكی فەرەنسا گوتی: لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەموو توانایەك دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی قەوارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس فراوانتر نەبێت ،بەتایبەتیش لوبنان.گوتیشی لە چەند مانگی رابردوودا فەرەنسا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چەندین جار پێشنیازی ئاگربەستیان خستووەتە بەردەم ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس .ماكرۆن ئاماژەی بەوەش كرد كە بەڵگەنامەیەكی دیپلۆماسی هاوئاهەنگی گفتوگۆیان ئامادە كردووە بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە و خستوومانەتە بەردەم هەریەك لە ئیسرائیل و لوبنان و لایەنە پەیوەندارەكان.تەنیا چەند گرفتێكی تەكنیكی هاتوونەتە پێشەوە ، هەوڵ دەدەین ئەو گرفتانەش تێپەڕێنین. لەلایەن خۆشیەوە سەرۆكی ئەمەریكا پەیمانی دا كە هەوڵ دەدەن تاكو هەموو بارمتەكانی جەنگەكە ئازاد بكەن ، هاوكات خۆشحاڵی خۆیشی نیشان دا بەرامبەر بە ئازادكردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی كە بزووتنەوەی حەماس دەستبەسەری كردبوون .جێی سەرنجە ، بایدن لایەنگرێكی سەرسەختی ئیسرائیلە بۆ نەهێشتنی بزووتنەوەی حەماس ، دوای هەڵگیرسانی جەنگ و كوژرانی هەزاران هاووڵاتی فەلەستینی سڤیل ،پێگەی بایدن لە نێو ئەمەریكا رووەو لاوازییە ، بەتایبەتیش لە پرسی هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
چین بابەتێكی سەرەكی گفتوگۆكان بوو
لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوانیان ، سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رێك كەوتن لەسەر ئەوەی باشترین رێكاری ئابووری بگرنە بەر بۆ ئەوەی لە رووی بازرگانییەوە بەرانبەر كۆماری چینی میللی بوەستنەوە. ئیمانوێل ماكرۆن گوتی: نیگەرانی خۆمان نیشان دا لە هەمبەر رەفتارە بازرگانیەكانی چین كە لە ئاییندەدا كێشە بۆ ئابووریی جیهان دروست دەكات .بۆ ئەوەش پێویستیمان بەوە دەبێت هاوئاهەنگییەكانی ئابووری جیهانی دروست بكەین .بایدنیش دووپاتی كردەوە كە پێویستە ئەمەریكا و ئەوروپا هەماهەنگی زیاتری یەكتر بكەن لە رووی وەبەرهێنانی ناوخۆیی.
پاڵپشتیكردنی ئۆكراینا
هەر لە بەرانبەر رۆژنامەنووسان ، جۆ بایدنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پاڵپشتی ئەمەریكای بۆ ئۆكراینا دووپات كردەوە و گوتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەوپەڕی بەهێزییەوە پاڵپشتی لە ئۆكراینا و هاوپەیمانەكانی دیكەی دەكات .. هەر لەو چوارچێوەیەدا ماكرۆنیش جەختی كردەوە هەتاكو رەوشەكە پێویست بكات پاریس پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكات .جێی سەرنجە ،پێش ئەو سەردانەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ فەرەنسا ، كۆشكی سپی ئەمەریكا رایگەیاندبوو كە واشنتۆن بەشداری لە پلانەكەی سەرۆكی فەرەنسا ناكات بۆ ناردنی راهێنەری سەربازی بۆ ئۆكراینا . بایدن گوتبووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیچ ئەمەریكاییەك نانێرێتە نێو جەنگی ئۆكراینا و رووسیا .لە كاتی سەردانەكەشدا بایدن بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا ئەو پرسەی نەخستە بەر باس.
پوتن دیكتاتۆرە!
هەر لە بەردەم رۆژنامەنووسان ، سەرۆكی ئەمەریكا رەخنەی توندی لە سەرۆكی رووسیا گرت و گوتی : سەرۆكی رووسیا پیاوێكی نەرم و نیان نیە و دیكتاتۆرە، نزیكەی 40 ساڵە پوتن دەناسم ، بە درێژایی ئەو 40 ساڵە بەردەوام لە هەمبەر ئەو پیاوە هەستم بە دڵەراوكێ كردووە .. پوتن ناڕەزایی دەربڕیبوو لە هەمبەر ئەوەی ئەمەریكا چەكی داوەتە ئۆكراینا و لە جەنگەكە بەكار هاتووە ..بایدن گوتی: راستە ئێمە چەكمان داوەتە ئۆكراینا بەڵام بۆ ئەوە نەمانداوەتی هێرشی پێ بكاتە سەر كرێملین و مۆسكو بەڵكو تەنیا بۆ چەند بەكارهێنانێكی دیاریكراو لەسەر سنوورەكان.