بانکی بازرگانی عێراق TBI ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من) بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3/11/2024، بانکی بازرگانی عێراقی ڕایگەیاند: “ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من) واژۆ کردووە تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان بانک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربارەی گرنگیی بەشداریی بانکی بازرگانی عێراق لە پرسی پرۆژەی (هەژماری من) و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.”

شایانی باسە تاوەکوو ئێستا هەشت بانک لە پڕۆژەی (هەژماری من) بەشدارن، بە بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراقی TBI لە پرۆژەی (هەژماری من) ژمارەی بانکە بەشداربووەکان دەبێتە نۆ بانک.

پڕۆژەی (هەژماری من) لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردووە، ئامانجی پڕۆژەکە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنی لە خزمەتگوزارییە حکوومییەکاندا.