خەبات: مەریوان نەقشبەندی:- لەکاتێکدا چەندین کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان سازدراوه، بەڵام دوێنێ یەکشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: دوێنێ تا کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمیی کۆمیسیۆن، دەرگەی وەرگرتنی تانەکان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەبوو”.
خاتوو جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: “تا ئێستا تەنها سێ تانە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمارکراون، کە دووان لەو سێ تانەیە لە نووسینگەی پارێزگای دهۆک و ئەوی دیکەشیان لە نووسینگەی سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام لە هەولێر هیچ تانەیەک تۆمار نەکراوە”.
لەبارەی کاتی یەکلاییکردنەوەی تانەکانیش، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگهیاند “دەستەی دادوەریی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی حەوت ڕۆژدا سەرجەم تانە تۆمارکراوەکان یەکلادەکاتەوە و، دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی تانەکان ڕادەگەیهنێت” ڕۆژی 31ـی مانگی ڕابردوو، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. 20ـی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 30-10-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێژەیەکی دەنگی ئێجگار زۆر و بە 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی بەپلەی دووەم و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی، سێیەمە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی؛ ڕەوتی هەڵوێست چوار کورسی؛ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی؛ بەرەی گەل دوو کورسی و هەریەکە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش کورسییەکیان بەدەستهێناوە. هەندێک لە لایەنەکان ئەنجامەکەیان ڕەتکردەوە، لەوانە کۆمەڵی.