خەبات: عەلی بانیشاری:- بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بەردەوام بوو. فێستیڤاڵەكە لە 31ـی تشرینی یەكەم دەستیپێكرد و لە 2ـی تشرینی دووەم كۆتایهات. خراپی كەشوهەوا بەشێك لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەكە نیگەرانكردبوو، بەو پێیەی ڕۆژی هەینی 1ـی تشرینی دووەم لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا لە سەنتەری شاری هەڵەبجە بڕێكی زۆر بارانباری. لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە هاووڵاتیان بۆ بەشدارییان لە فێستیڤاڵ كرد، ئەمەجگەلە بەشداربوونی ژمارەیەك لە كەسایەتی و سەرۆكی حزبەكانی هەرێمی كوردستان و دەیان میوانی بیانی. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت ((ئەو بەرووبوومانەی لە فێستیڤاڵ دانرابوون بۆ فرۆشتن، نرخیان گونجاو بوو)).
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە 600 كەپر پێكهاتبوو، ئەمە جگەلە نزیكەی 280 ئافرەتی دەستڕەنگین كە بە كاری دەستی و خواردن دروستكردن بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكە كرد. گوتیشی: هەر یەكێك لەو 280 ئافرەتە، 3 بۆ 4 خانمی دیكەشی لەگەڵ بووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 270 هەزار كەس بەشدارییان لە نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە كردووە. چیا قاسم دەڵێت: پێشبینی دەكەین ئەگەر كەشوهەوا گونجاو بێت، بۆ ئەمساڵ زیاتر لەو ژمارەیە بەشداری لە فێستیڤاڵ بكەن.
ئەو دەشڵێت: تەنیا یەكەم ڕۆژی فێستیڤاڵ نزیكەی 80 هەزار كەس لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی فێستیڤاڵی هەناریان كردووە. زیاتر گوتی: ئەوانەی بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵ سەردانی هەڵەبجە دەكەن، دواتر ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگاكەش بەسەر دەكەنەوە، بێگومان ئەوەش هۆكارێكە باشە بۆ بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاریی هەڵەبجە.
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ساڵی ڕابردوو لە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بای ملیار و 350 ملیۆن دیناری عێراقی بەرووبوومی خۆماڵی و كاری دەستی و خواردنی كوردەواری فرۆشراوە. چیا قاسم ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەمساڵ ژمارەی سەردانیكەری فێستیڤاڵ زیاتر بێت لە ساڵی ڕابردوو، بێگومان داهاتی فێستیڤاڵیش زیاتر دەبێت لەو داهاتەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەستی جووتیار و خاوەن باخ و كەسانی دەستڕەنگینی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ كەوتووە.
لەبارەی چاودێركردنی فێستیڤاڵەكە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی: لە ڕێگەی سێ لیژنەی جیاجیاوە بەوردی چاودێری كارەكانی فێستیڤاڵی هەنار دەكرێت و هەر بەشداربوویەك بەرووبووم و شتوومەك بەگران بفرۆشێت، ڕووبەڕووی پێبژاردنی مادی و داخستنی شوێن دەبێتەوە. هەروەها ئەوەشی گوت: نرخی هەنار و بەرووبوومە خۆماڵییەكانی دیكە و كارە دەستییەكان گونجاون.
لە پارێزگای هەڵەبجە 15 جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام جووتیارانی سنوورەكە زیاتر لە جۆری ساڵح خانی بەرهەم دەهێنن، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن ((زۆرترین خواستی لەسەرە و لە بازاڕدا بە ئاسانی ساغ دەبێتەوە)). هەناری ساڵح خانی، بەوە ناسراوە مێخۆش و ئاودارە. بەپێی ئامارێك كە دەست (خەبات) كەوتووە، زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە دار هەنار داچێنراوە.
ئازاد تۆفێق، پارێزگاری هەڵەبجە یەكەم ڕۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەناری هەڵەبجە، بووەتە براندێكی جیهانیی. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئێوارەی دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵ ئاشكرایكرد، 110 هەزار كەس سەردانی دەیەمین فێستیڤاڵی هەناریان كردووە.
بەهۆی باشی جۆرەكەی، ساڵانە لە ڕێگەی كۆمپانیای ناوخۆییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 2000 تۆن لە هەناری هەڵەبجە ڕەوانەی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت ئیمارات دەكات. بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بەرهەمی ساڵانەی هەنار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەگاتە زیاتر لە 30 هەزار تۆن.










