سیامەند سێلکی
حەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی قیادە سەورەی بەعس کە تایبەتن بە تەعریب کردنی کەرکووک و داگیرکردنی موڵک و ماڵی کورد، کوبووەوە، شۆڤێنییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق دژی وەستانەوە و گرژی و ئاڵۆزییان لەناو پەرلەماندا دروست کرد، لە ئەنجامی ئەمەدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد (بەتایبەتیش پەرلەمانتارانی پارتی )و عەرەب دروست بوو، بەهۆی ئەو گرژییانەوە کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
لەبەر ئەوەی کاک شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی پارتی لە پێناو گەڕانەوەی مافی زەوتکراوی هاووڵاتییانی کورد پێداگرییان لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس کرد، شۆڤێنییەکان دژی شاخەوان عەبدوڵڵا یەکیان گرتووە و داوای دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن، لەو بارەوە محەمەد حەلبوسی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێ: ئێرە بەغدایە نەک هەولێر تا شاخەوان عەبدوڵڵا بە لۆژیکی هێز قسەمان لەگەڵ بکات.
بێگومان بۆ کەسێکی کوردپەروەری وەکوو شاخەوان عەبدوڵڵا و هەموو ڕێبوارانی ڕێبازی بارزانیی نەمر، هەموو شوێنێک سەنگەری بەرگریکردنە لە مافەکانی کورد، جا ئەو شوێنە بەغدا بێت یان هەولێر، چونکە بەرگریکردن لە مافی کورد و داکۆکیکردن لە خاکی کوردستان بە ئەرکی خۆیان دەزانن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە فەلسەفەی ڕێبازی بارزانیی نەمردا کورد بوون و بەرگریکردن لە بەها نەتەوەییەکان لە سەرووی هەموو شتێکە.
ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەو پەرلەمانتارە شۆڤێنییانەی تا سەر ئێسقان دژی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس بوون، لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نۆێ دژی پرۆژەی هەژماری من یەکیان گرتووە و پێکەوە یادداشتێکیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز کردووەتەوە و داوا دەکەن پەرلەمان لەسەر پرسی بە ئەلەکترونیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆ ببێتەوە و بە بڕیارێک پرۆسەی هەژماری من ڕابگرێت و حکوومەتی هەرێم ناچار بکات بچێتە ژێر باری مەرجەکانی تەوتین کە ئامانج لە سەپاندنیان بەرتەسکردنەوەی مافە دەستوورییەکانی کورد و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی فیدڕاڵییە!
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەوە چ عەقڵ و مەنتقێکە ئەوە قەبووڵ دەکات ئەوانەی دوێنێ لە پەرلەمان، بەعس ئاسا دژی گەڕانەوەی موڵک و ماڵی داگیرکراوی کورد بوون، ئەمڕۆ لە پێناو بەرژەوەندییەکانی مووچەخۆرانی کوردستان داوای ڕاگرتنی پرۆژەی هەژماری من و جێبەجێکردنی تەوتین بکەن؟!
من پێم وایە وەڵامەکە زۆر ڕوونە، ئەویش ئەوەیە هەرکەسێک پێی وابێت دژایەتیکردنی پرۆژەی هەژماری من لە لایەن یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و شۆڤێنییەکانی عەرەب لە بەرژەوەندیی کورددایە، لە گەمژەیەک زیاتر چیتر نییە، بەڵام بۆ زانینی ئەم ڕاستییە و تێگەیشتن لەوەی کە هەژماری من لە بەرژەوەندیی کوردستانییانە یان تەوتین، پێویستە کەمێک بیربکەینەوە.