گوتارەكانی بافڵ تاڵەبانی سەری یەكێتی دەخۆن

265

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
گوتاری یەكێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، گوتارێكە پشت بە بڵاوكردنەوەی ڕق و دووبەرەكیی سیاسی دەبەستێت و باكی بەوە نییە بەهۆی ئەو گوتارە شەڕەنگێزییەوە كوردستان دووچاری چ گرفتێكی نوێی سیاسی دەبێت، بافڵ تاڵه‌بانی لەبری ئەوەی كارنامەی لیستەكەی بناسێنێت و خەڵك و دەنگدەرانی حاڵی بكات كە لە خولی شەشەمی پەرلەمان و كابینەی دەیەمدا یەكێتی چیان بۆ دەكات! بانگەشەی ڕووخاندن و كۆتایی پێهێنانی حكوومەتێك دەكات كە حزبەكەی تێیدا جێگری سەرۆكوەزیران و هێندەی پارتیش وەزیری هەیە و بەشدارە لە هەر بڕیارێكی ئەو حكوومەتەدا.

ئەو گوتارە دیماگۆگیەت و فریودەرانەی بۆ جووڵاندنی سۆزی دەنگدەرە و پشت بە لۆژیك و داهاتوویەكی گەش نابەستێت، دەڵێی یەكێتیی نوێ بۆ ڕووخاندن و تێكدانی ئەو ئەزموونە بەخوێن دروستكراوە هاتووە بەدەستلەپشتدانی هێزی دەرەكی كە نەیاری كوردن. حزبێكی سیاسی، خەمی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتنی وڵاتەكەی هەبێت، هەرگیز لە گوتاری سیاسیدا، پەنا بۆ دروستكردنی پشێوی و فریودانی خەڵك نابات و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەپێناو دوو كورسیی زیاتر یان كەمتر دروشمگەلی توند بەكار ناهێنێت. حزبێك ئەگەر پێش بەرژەوەندیی حزبی، وڵاتەكەی و خەڵكەكەی خۆشبوێت و لە خەمی سەقامگیری و گەشەپێداندا بێت، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا وڵات دروست دەكات نەك تێكی بدات.

گوتاری پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، ڕێك پێچەوانەی ئەو گوتارە شەڕەنگێزەی یەكێتییە، گوتارێكە دواڕۆژی تێدا دەبیندرێت و دەنگدەری كوردستان دەزانێت لە پەرلەمان و كابینەی دەیەمدا، پارتی چیان بۆ دەكات و چی ناكات. دەی بەراوردی بكەن بە گوتاری یه‌كێتی، ئه‌وەتا یەكێتی دەیڕووخێنێت و پارتی دروستی دەكاتەوە. یەكێتی هەڕەشە دەكات و پارتی ئارامی و سەقامگیری بڵاو دەكاتەوە. یەكێتییەكان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەشارنەوە، پارتییەكان دەڵێن سەرەڕای هەموو قەیران و بەربەستەكان ئەوەی لە كابینەی نۆیەمدا بۆمان كرابێت كردوومانە و لە داهاتووشدا، واتە لە كابینەی دەیەمدا ئەوی دیكە تەواو و كاری باشتریش دەكەین.

لەوەش خراپتر كە لە كۆمێدیاش دەچێت! یەكێتی لە فۆڕمی ئۆپۆزسیۆندا خۆی نمایش دەكات و لەو ڕێگەیەوە سۆزی دەنگدەرانی كوردستان دەجووڵێنێت تا بەو جۆرە دەنگ كۆبكاتەوە، لەكاتێكدا یەكێتی ئۆپۆزسیۆن نییە و لەوەتەی هەیە لە دەسەڵاتدا لەگەڵ پارتی هاوبەشە، كەچی خۆی كردووەتە بە ئۆپۆزسیۆن.

لە بەرانبەردا دەبینین پارتی دەڵێت ئێمە كابینەی دەیەمیش پێك دەهێنینه‌وه‌، بەڵێنی گەورەش نادات و خۆی لە بەرپرسیارێتییەكان ناشارێتەوە، پارتی لەوە تێگەیشتووە كە حزبی سیاسی نابێت فێڵ لە خەڵك بكات، خۆی لە دەسەڵاتدا بێت و كەموكوڕییەكانی خۆی بەسەر هاوبەشە سیاسییەكەیدا ساغ بكاتەوە و خۆی بە فریشتە نیشان بدات، ئەوە یەكێتییە بەشدارێكی كارای حكوومەتە و جارێكیش سەرۆكایەتیی كابینەیەكی حكوومەتی كردووە، كەچی لە گوتاری بانگەشەیدا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت و ڕەخنە لەو حكوومەتە دەگرێت كە خۆی تێیدایە. لە كۆمێدیا دەچێت تۆ بەشداریی حكوومەت بیت و بانگەشەی ڕووخاندنیشی بكەیت! باوەڕ ناكەم لە هیچ كوێیەكی دونیادا حزبی لەم جۆرەی وەك یەكێتی هەبێت، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان چاوكراوەتر بن و ئەو جۆرە حزب و گوتارە ڕەت بكەنەوە، ئەو خەڵك بەگەمژەزانینە ناكرێت بۆ یەكێتی بچێتە سەر كە پۆستە گەورەكانی حكوومەتی هەبێت و بە خەڵكیش بڵێت دەیڕووخێنین! بەدڵنیاییەوە بافڵ تاڵه‌بانی، خەڵك و دەنگدەری كوردستان بە گەمژە دەزانێت، ئەگینا چۆن بانگەشەی ڕووخاندنی حكوومەتێك دەكات كە حزبەكەی سەدان پۆستی گەورەی لەو حكوومەتەدا هەیە!

گوتاری پارتی و یەكێتی، دوو گوتار و دوو ڕوانگە و دوو دونیابینی جیاوازن، گوتاری یەكەمیان (پارتی) چاوی لە داهاتوو و ستراتیژییانە نەخشەڕێگەی گەشەپێدانی سێكتەرەكانی كوردستانی دیاریكردووە. گوتاری دووەمیان (یەكێتی) گوتارێكە هەڕەشەئامێزە كە لەم قۆناغەدا بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نییە و تەنانەت بۆ خودی یەكێتییەكانیش ئەنجامی باشی نابێت، یه‌كێتی باش دەزانێت پارتی ئەو هێزە نییە بە هەڕەشەی كاك بافڵ تاڵەبانی بڕووخێت، دوای هەڵبژاردن یەكێتییەكان باجی گەورەی ئەو گوتارە توندەیان دەدەن، بەوەی زەحمەتە جارێكی تر پارتی لەكاتی شكستی دەباشاندا پشتی یەكێتی بگرێتەوە وەك ئەوەی كاتی خۆی لە بەرانبەر گۆڕاندا یه‌كێتی كەوتە سەر ئەژنۆ و هانایان بۆ پیرمام هێنا و پارتیش ڕێزی لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ یەكێتی و تەمەنی مام جەلال گرت و فریای دەباشان كەوت و لە بەرانبەر گۆڕاندا نەیهێشت كۆشكی سیاسیی دەباشان بە تەواوەتی بكەوێتە ژێر هێزی ڕۆشنایی مۆمەكەی ئەوكاتی گۆڕان.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە! كاتی خۆی لە گەرمەی شەڕی ناوخۆشدا، مام جەلال گوتی دەبێت پارتی بە دووربین سەیری هەولێر بكات، دواتر نەك هەر هەولێری لەدەستدا، خۆی لە سەرسنووری كوردستانیش دیتەوە، دواتر بە پاڵپشتیی ئێران پارچەیەكیان لە كوردستان پێیدایەوە، ئێستاش بافڵ تاڵەبانی بە دروشمەكانی هەڵبژاردن، هەمان ئەزموونی مام جەلال دووبارە دەكاتەوە و ئەگەر لەسەر ئەو گوتارەی بەردەوام بێت، پێدەچێت هەمان ئەنجامیشی هەبێت، هەڵبژاردن مادام كێبڕكێیە لەسەر بردنەوە، ئاساییە هەموو حزبێكی سیاسی ماركێتینگ بۆ لیست و كارنامەكەی خۆی بكات.

لەو سۆنگەیەوە پارتی كارنامەی خۆی بڵاوكردووەتەوە و بانگەشەی بونیادنان و بووژانەوەی كوردستان و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی دەكات و كارەكانی ڕابردووی دەخاتەڕوو، كەچی بافڵ تاڵه‌بانی تەنیا دەیڕووخێنێت و تێكی دەدات! ئەوە جێگەی شەرمەزارییە لەو سەردەمی دیموكراسیەت و چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دوای شەش خولی پەرلەمانیش، تازە بە تازە حزبێك كە بانگەشەی سۆشیاڵدیموكراتبوون دەكات، كەچی لەبری بانگەشەیەكی ئاشتەوایی و خستنەڕووی كارنامەكەی، وڵاتەكەی دەڕووخێنێت و كۆتایی بەو دەسەڵاتە دەهێنێت كە خۆی تێیدا كارا بووە و دەیان دروشمی دیكەی بەتاڵی سیاسی بە گوێی خەڵكدا دەدات لەكاتێكدا باش دەزانێت هیچ یەكێك لە دروشمەكانی ڕاست دەرناچن و پەشیمانبوونەوەیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت و گەورەترین شەرمەزاریی سیاسی و ڕێكخراوەیی بۆ یەكێتی تۆمار دەكات، كاتێك دوای هەڵبژاردن لە پارتی و كاك مەسرور بارزانی دەپاڕێنەوە جارێكی دیكەش جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانیان پێ بدرێتەوە! ئایا كاك مەسرور ڕازی دەبێت جارێكی دیكە یەكێك لە كوڕەكانی مام جەلال ببنەوە جێگری؟