د. سامان سۆرانی
لەگەڵ ئەوەی کابینەی نۆیەم لە هەل و مەرجێکی سیاسی و ئابوری ئاڵۆز لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی دەست بەکار بوو، بەڵام بە دوو دێڕ دەکرێ ئاماژە بەوە بکرێت، کە ئەم کابینەیە خۆڕاگرانە کاری لەسەر پرۆسەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی و رووبەڕووبوونەوە و سنوورداركردنی گەندەڵی و گەشەپێدانی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و باشترکردنی پەیوەندی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و جەخت کردنەوە لەەسەر ئەوەی وەبەرهێنان لەسەر گەنجەكان بکرێت و پێبگەیندرێن، تاوەکوو كارامەتر لە بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكە بەشدار بن.
ئەم کابینەیە بە ئەرکی خۆی زانی، بێ جیاوازی خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێم بکات و لە کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەردەوام بێت و زۆرترین پرۆژەی ژێرخان جێ بەجێ بکات و لە بری قسەی باق و بریق بە کارە پڕ لە بەرهەمەکانی وەڵامی نەیاران بداتەوە و هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانیی و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و هەموو گەلانی ناوچەكە بێت.
دیارە بنیادنانی ئایندیەکی باشتر بۆ کوردستان پێویستی بە هەوڵ و کۆششی بێ ووچانی هەموو کەرتە جیاجیاکان و کۆمەڵگە و سەرۆك وەزیرانێکی ئایندەساز هەیە، هەر بۆیە دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆك وەزیران کاری لەسەر پتەوکردنی ژێرخانی کوردستان کرد و مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی هیچ کەرتێ پەراوێز نەخرێ. گرینگیدانی بە کەرتی خوێندن و پەرەپێدانی کوریکۆلۆم بەشێوەیەك، کە پێداویستییەکانی بازاڕ پڕ بکاتەوە و هزری ڕەخنەگرانە بەهێز بکات، بە ئەرکی خۆی زانی و چالاکانە کاری کرد بۆ پاڵپشتیکردن لە پرۆژەی بچووك و مامناوەند و بوو بە هاندەری داهێنان و وەربەرهێنان لە بواری تەکنەلۆژیا.
ئەم شیوازە مۆدێرنە لە حوکمڕانی توانی شەفافییەت بەهێز بکات و لێپرسینەوە لەناو حکومەت زیندوو بکاتەوە، بە شێوەیەك ئەو بۆچوونەی لای هاوڵاتی درووست کرد، کە بەڵێ هەمووان دەتوانن دەنگیان هەبێ لە درووستکردنی بڕیار، ئەگەر چی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی بەردەوام کاری لە پێناو کەمکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان کردووە بەمەبەستی چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافی هەموو چینەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەوە نەوەستاوە و لە هەڵمەتی ئەم هەڵبژاردنە هاوڵاتییان هان دەدات، بەشدار بن لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەنجان دەستپێشخەر بن لە پاراستنی ژینگەی کوردستان و پەرەپێدانی بەردەوام و بەها نیشتمانییەکان، تاوەکو ئایندەیان و ئایندەی نەوەکانی داهاتوو زامنتر بێت.
سەرۆك وەزیرانی ئایندەساز پێی وایە، ڕۆشنبیری و ناسنامە و میراتی نەتەوەیی، کە لە ڕێبازی بارازنی نەمرەوە سەرچاوەی گرتووە پشکداردەبێت لە بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی و فرەیی. هەر بۆیە هەموو هەوڵ و کارێکی بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی بوو و بۆ هەموو لایەك سەلماندی، کە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانە ئابوری و سیاسییەکان دەکات، ئەمەش بووە مایەی بەهێزبوونی پێگەی جەماوەری و زیادکردنی ڕێژەی ڕەزامەندی هاوڵاتییان لە شێوازی کارکردنی.
دواجار ئەم شێوازە سیاسەتەی، کە پەیڕەوکرا بوو بە مایەی بنیاتنانی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمەش بووە مایەی پاڵپشتی سەقامگیری و پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، کە گەلی کوردستان هیچ شتێکی لە گەلانی تر کەمتر نییە، گەنجانی کوردستان دەتوانن لەسەر ئاستی جیهان لە هەموو بوارەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەردەوامبوونی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە ئەرکی خۆی وەکو سەرۆك وەزیران دەبێتە مایەی کوردستانێکی ئاوەدان و ئارام و خۆڕاگر و بەهێزبوونی پێکەوەیی لە پێناو دەوڵەتسازی.